لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، بەلایەنی کەم 20 بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە

هەولێر – نۆرس پرێس

لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، بەلایەنی کەم 20 بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە 13 کەسیان واتە 65٪ی کۆی گشتیی حاڵەتەکان بەندکراوانی کورد بوون، ئەمە بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جگە لە 13 بەندکراوی کورد، لانی کەم 4 بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی زاهیدان، زابۆل و گوڵستان گیانیان لەدەست داوە کە دەکاتە 20٪ی هەموو حاڵەتەکان. هەروەها لانی کەم 3 بەندکراوی خەڵکی گەچساران، کۆیەشت و تەورێز لەم ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی گشتیی ئەم 20 بەندکراوە، لانی کەم 4 بەندکراو لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و 7 بەندکراویان بەهۆی نەخۆشی و دواکەوتنی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانیان لەدەست داوە.

سێ بەندکراوی دیکەش بە هۆکاری گوماناوی وەک ژاراویبوون بوون گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەکان 4 بەندکراو کوژراون.

رێکخراوی هەنگاو ئاشکرای دەکات، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم 3 بەندکراوی سیاسی کە لە پەیوەندی بە بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” و لە شارەکانی بۆکان، زاهیدان و گەچساران دەستبەسەر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکان گیانیان لەدەست داوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام ڕێگری لە سەردانی ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئێران کردووە و نەیهێشتووە ئەو ناوەند و ڕێکخراوانە سەردان و چاودێریی بەندیخانەکانی ئەو ئێران بکەن.