سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەکاتە دیاری خوێندکارێکی کورد
هەولێر- نۆرس پرێس
شوێنی خوێندن و ژیانی هەنار تەها نوری یەكەمی بەشی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە چونکە ئەو ژوورەی کە تێیدا دەیخوێند دیوارەکەی بلۆك و سەقفیشی چینكۆیە.
شوێنی ئەو خوێندکارەی ئامادەیی مەستورەی چەمچەماڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە تۆڕەی کۆمەڵایەتیەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو تا دواجار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و یەکەیەکی نیشتەجێبوونی کردە دیاری خانەوادەی ئەو خوێندکارە.
ئاڵان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەیەکی نیشتەجێ بوون دەکاتە دیاری بۆ خانەوادەی قوتابی “هەنار تەها نوری ” یەکەمی کوردستان لەبەشی وێژەیی لە قەزای چەمچەماڵ.
وەزیری پەروەردەی دەشڵێت، جەنابیان بەندەی ڕاسپارد کە لە قەزای چەمچەماڵ سەردانی هەنار خان و خانەوادەکەیان بکەم و جەنابیشیان خەڵاتی دەبێت بۆ هەموو یەکەمەکان.