بۆ رۆژی دووهەم.. ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە جنین بەردەوامن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل لە شارۆچکەی جنین و کامپەکانی کەناری رۆژئاوا بۆ دووهەم رۆژ بەردەوامن و لەو ماوەیەدا لانیکەم نۆ کەس کوژراون و سەد کەسیش برینداربوون و دەیانیش دەستگیرکراون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، لانیکەم 10هاوڵاتی فەلەستینی کوژراون و نزیکەی 100 کەسیش برینداربوون کە 20یان برینەکانیان سەختە.
دانیال هاجواری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 120 “تۆمەتبار” دەستگیرکراون.
سوپا ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری زۆرە پێش کۆتاییهێنان بەم هەڵمەتە هەڵبکوتێتە سەر 10 ژێرخان یان ئامانج، کە لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەوە لە ژێر ناوی “ماڵ و باخچە” دەستیپێکردووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆن دادەنرێت لە شارۆچکەی جنین، کە بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵە بەو قەبارەیە رووینەداوە، بەو پێیەی نزیکەی هەزار سەربازی سوپای ئیسرائیل بەشداری تێدا دەکەن.
مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند، شەوی دووشەممە سێ هەزار کەس لە کامپی پەنابەرانی جنین چۆڵکراون، سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، شوێنی دروستکردنی تەقەمەنییان دۆزیوەتەوە کە سەدان تەقەمەنی تێدایە.
بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل مەزەندەیان کردووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کامپی جنین هێشتا بەردەوامە، بەڵام نزیکە لە کۆتایی.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی شەوی رابردووی سەرکردایەتی سەربازی بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی رایگەیاند، “جنین بووەتە پەناگەیەک بۆ تیرۆر، ئێمەش کۆتایی بەم کارە دەهێنین”.
لە راگەێنراوە هاوبەشەکەی سوپای ئیسرائیل و پۆلیسی سنووری ئیسرائیل و شاباکدا هاتووە، “ماوەیەک لەمەوبەر هێزەکانی پۆلیسی سنووری ئیسرائیل لەسەر بنەمای هەواڵگری شاباک جوڵەیان کرد بۆ دۆزینەوە و داماڵینی دەرچەیەکی ژێرزەمینیی کە بۆ هەڵگرتنی ئامێری تەقەمەنی بەکاردەهێنرا لە ئۆردوگای جنین”.
نوێنەرایەتی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشکردنە سەر “دانیشتوانی مەدەنی” لە جنین بە “بێبایەخکردنی رەها بۆ ژیانی مرۆڤ” زانی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاو بنێن.
گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، “بە قووڵی نیگەرانە لە پێشهاتەکانی جنین”.
فەرحان حەق گوتی “گۆتێرێس دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە ڕێزگرتنێکی تەواو لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامبدرێن”.
داوای لە ئیسرائیل کرد خۆی لە زیانی مەدەنی و لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی بەدوور بگرێت.