فەڕەنسا دەیەها منداڵ و ژن لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێنێتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، فەڕەنسا گەڕاندنەوەی 10 ژن و 25 منداڵی خانەوادەکانی ئەندامانی “داعش”ی راگەیاند کە لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا دەستبەسەربوون، ئەمەش چوارەم گروپە کە بیانگێڕێتەوە وڵاتەکەی لە سوریاوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: “ئەو منداڵانەی خوار تەمەنی یاسایین رادەستی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دابینکردنی چاودێری کۆمەڵایەتی منداڵان کراون و بەدواداچوونی پزیشکی و کۆمەڵایەتیان بۆ دەکرێت، هاوکات گەورەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون لە دەسەڵاتی دادوەری”.
دەیان هەزار کەس، لە نێویاندا ئەندامانی بنەماڵەی جیهادییەکان، کە سەر بە زیاتر لە 60 نەتەوەن لە کامپەکانی “هۆل و رۆژ”دا لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن و بەڕێوبەری خۆسەریش بەردەوام داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.
بەهۆی خاوبوونەوەی پرۆسەی گێڕانەوەی ماڵباتەکانی داعش بۆ وڵاتەکانیان، بەڕێوبەری خۆسەری، لە 10ی حوزەیرانی رابردوودا، دەستپێکردنی دادگاییکردنی ئەو ئەندامە بیانیانەی “داعش”ی راگەیاند کە لەلایەن خۆسەرییەوە دەستبەسەرن.
فەرەنسا بەهۆی هێواشی گێڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لەم کامپانەوە لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرکۆنە دەکرێت.
ئەو ژنە فەرەنسییانە خۆبەخشانە چوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی “داعش” لە سوریا و عێراق و دوای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی “خەلافەت” کە لەلایەن رێکخراوەکەوە راگەیەندراوە، لە لایەن ‘هەسەدە”وە دەستگیرکراون، بەپێی راگەێنراوی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری.
لە هاوینی 2022دا و لە میانی یەکەمین پرۆسەدا، 16 ژن و 35 منداڵ گەڕێنرانەوە بۆ فەرەنسا، دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا گروپی دووهەمیان ئەنجامدرا کە 15 ژن و 40 منداڵ بوون.
مانگی یەکی ساڵی رابردوو وەزارەتی دەرەوە گەڕانەوەی 15 ژن و 32 منداڵی راگەیاند، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە سەرکۆنەکردنی فەڕەنسا لەلایەن لیژنەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هات.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەێنراوەکەیدا سوپاسی بەڕێوبەری خۆسەری کرد بۆ هاوکارییەکانی لە بەئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەیەدا.