ژمارەی کوژراوەکانی فەلەستین بەرزبووەوە و هەردوولا کۆبوونەوەی ئەمنی ئەنجامدەدەن
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، رۆژی دووشەممە 3\7\2023 رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە شارۆچکەی جنین لە کەرتی رۆژئاوا بەهۆی تەقە و بۆردومانەکانی هێزەکانی ئیسرائیلی بۆ هەشت کەس بەرز بووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی دەستیپێکرد کە چەندین شوێن و ئامانجی جیاوازیان کردە ئامانج، هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر جنین لە ساڵی 2022ەوە دادەنرێت.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دەلێت، سەرباری کوژرانی هەشت فەڵەستینی، 50ی دیکەش برینداربوون و کە دۆخی تەندروستی 10 لە بریندارەکان ناجێگیرە.
بریارە ئێوارەی ئەمرۆ دەسەڵاتی فەڵەستین کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس ساز بکات بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی شارۆچکەکەی جنین و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارۆچکەیە.
یواف غالانت، وەزیری بەرگری بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر شارۆچکەی جنین لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، جێگری سەرۆکی هەواڵگری و ئەندامانی باڵا لە دامەزراوە ئەمنیەکانی ئیسرائیلی کۆبووەوە.
هاوکات لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوە میسر ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد.
میسر داوای لە “ئەکتەر و کاریگەرە نێودەوڵەتییەکان کردووە دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی ئەم پێشێلکارییانە و دابینکردنی پارێزگاری بۆ گەلی فەلەستین”.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی “هێرشی سەر شارۆچکەی جنینی کرد، و هۆشداریدا لە بەردەوامبوونی توندوتیژی.
لە سەر ئاستی مەیدانی، هێزی کەتیبەی جنین کە سەر بە سەرایا قودسە سەر بە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە “زرێپۆشێکی ئیسرائیلی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبەکی چێنراو تێکشاوە و زیانی پێگەیشتووە”.
کەتیبەکەی جنین دەلێت: “هەوڵەکانی ئیسرائیلمان بۆ پێشرەویکردن بۆ نێو شارۆچکەی جنین پووچەڵکردەوە، و ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ یەکەمجار چەندین بۆمبی چێنراوە لەم ئۆپەراسیۆنەدا تەقێندرانەوە.
هاوکات راپۆرتێکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانەکانی ئۆپەراسیۆنی جنین نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لەسەر ئاستی هەواڵگری ئامادەکراون، بەڵام لە “کات و بارودۆخی گونجاودا” دەستیپێکردووە.