پاپا فرانسیس سوتاندنی قورئانی پیرۆز جێگای قبوڵ نییە و مەحکومە

هەولێر-نۆرس پرێس

پاپا فرانسیس نیگەرانی خۆی لە ڕوداوەکەی ئەم دواییەی سوتاندنی قورئان لە سوید دەربڕی و رایگەیاند، کە کارێکی قبوڵنەکراو و سەرکۆنە کراوە، هاوکات جەختی لەوەکردەوە، نابێت ئازادی ڕادەربڕین بکرێتە بیانو بۆ توڕەکردنی کەسانی تر.

پاپای ڤاتیکان توڕەیی خۆی لەو جۆرە ڕەفتارانە دەربڕی و رایگەیاند، هەست بە توڕەیی و بێزاریی دەکەم لەم کارانە، هەر کتێبێک لەلایەن نوسەرانییەوە بە پیرۆز دادەنرێت، دەبێت ڕێزی لێبگیرێت لەگەڵ ڕێزگرتن لە کتێبی باوەڕداران.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئازادی ڕادەربڕین هەرگیز نابێت وەک بیانویەک بۆ سوکایەتیکردن بە کەسانی دیکە بەکاربهێنرێت، ڕێگەدان بەمکارە قبوڵ ناکرێت و سەرکۆنە دەکرێت.

پاپا فرانسیس باسی لەوەشکرد، ئەرکی ئێمە گۆڕینی هەستی ئایینییە بۆ هاوکاری و برایەتی و کردەوەی بەرجەستەی چاکە، جەختیشی لەوە کردەوە کە داهاتوی هاوکاری نێوان ئایینەکان لەسەر بنەمای بەرامبەر و ڕێزگرتن لە بەرامبەر و ڕاستی دامەزراوە.

باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ پێویستمان بە دروستکردنی ئاشتی هەیە نەک هاندەری ململانێ، هەروەها پێویستمان بە کوژاندنەوەی شەرو ململانێ هەیە نەک خوشکردنی شەرو ئاژاوە.