وەزیرى تەندروستى سوپاس و ڕێزلێنان دەبەخشێتە وەزیرى خوێندنى باڵا

هەولێر – نۆرس پرێس

لەبەرامبەر بەخشینى داهاتى کەمپینى کتێبەکەى بە نەخۆشانى شێرپەنجە، د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سوپاس و ڕێزلێنان پێشکەش بە د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکات و ئەم هەوڵەى بۆ نەخۆشانى شێرپەنجە بەرزدەنرخێنێت.

ئەمڕۆ دوشەممە د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى چەرموو و بەڕێوەبەرانى گشتى پێشوازیکرد لە د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى و ستافى وەزارەتى تەندروستى، کە بەمەبەستى پێشکەشکردنى سوپاس و ڕێزلێنان بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى وەزارەتیان کردبوو.

دواى ڕاگەیاندنى کەمپینى کتێبی (خوێندنى باڵا لەسەردەمى کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا) کە لە نوسینى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-یە، بڕى (330) سێ سەدو سی ملیۆن دینار، لەگەڵ بڕى (12,400) دوانزە هەزار و چوارسەد دۆلار، کۆمەک بۆ نەخۆشخانەکانى تایبەت بە شێرپەنجە لە کوردستان کۆکرانەوەو لە ڕێوڕەسمێکدا بەخشرایە هەردو نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە لە هەولێر و سلێمانى، ئەمڕۆش لەڕێوڕەسمێکدا وەزیرى تەندروستى سوپاس و ڕێزلێنانیان پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە، ڕۆژانە زۆرترین خەڵکى کەمدەرامەت و هەژارى هەرێمەکەمان سەردانیان دەکەن، بۆیە ئەو نەخۆشخانانە پێویستیان بە پاڵپشتى و هاوکارى هەمو چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگەیە، ئێمەش لە ڕوانگەى هەستکردنمان بەبەرپرسیاریەتى بەرامبەر بەکۆمەڵگەکەمان خوازیاربوین هاوکاریان بکەین، بۆیە بەخۆشحاڵیەوە توانیمان بە پاڵپشتى هەمو لایەک کۆمەکى دارایی باش پێشکەش بەو نەخۆشخانانە لە هەرێمى کوردستان بکەین.

دڵنیایشیدا لەداهاتودا بەردەوام دەبین بۆ هاوکارى زیاتر و کۆمەکى بەردەوام بۆ نەخۆشانى خوێن و شێرپەنجە لە هەرێمى کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە وەزیرى تەندروستى سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی کرد بۆ ئەم پشتگیرییە گەورەیە و هەوڵەکەیان بۆ خزمەتکردنى نەخۆشانى شێرپەنجە بەرزنرخاند، هیواشی خواست ئەو جۆرە کۆمەکانەى وەک وەزیرى خوێندنى باڵا بەردەوام بێ تا باشتر بتوانین خزمەتەکان پێشکەش بکەین.

جێگەى ئاماژە بۆکردنە لەبەرامبەردا کۆمەکردنى نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە لە هەرێمى کوردستان، لە ئیستادا لە نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى لەپاڵ ناوى بەخشندەکانى کوردستان، ناوى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانست لە تابلۆمى شانازى نەخۆشخانەکە هەڵواستراوە.