ئالان حەمە سەعید : 22 ناوەند خوێندنی ناحکومی سەرپێچیان کردووە، سزای ماددیان  لە 10 ملیۆن دینار تا 70 ملیۆن دینار دەبێت

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو ناوەندێکی خوێندنی ناحکومی دەبێت رێژەی مامۆستایانی هەمیشەیی ( واتا ئەو مامۆستایانەی کە میلاکی خۆیانن و دانەمەزراون ) لە 80٪ کەمتر نەبێت وە 20٪ مافیان هەیە لە کۆی گشتیی مامۆستاکانیان ( ستافی وانەوتنەوە) لە مامۆستایانی میلاکی حکومی بن.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند، ئەوەش بە گوێرەی رێکارێکە کە دەبێت مامۆستای میلاکی حکومی کە دەیەوێت لە ناوەندێکی ناحکومی دەوام بکات بە یەکێک لەم سێ شێوازە بێت: خواستن، مۆڵەتی بێموچە، پاش تەواوبوونی دەوامی ناوەندی خوێندنی حکومی.

وەزیری پەروەردەی گووتیشی، لەم بابەتە وەزارەتی پەروەردە زۆر بەووردی کاری کردوە کە یاسا وەک خۆی جێبەجێ بکات ، ساڵی خويندنی 2022-2023 ، ژمارەی سەرپێچیکارانی ناوەندی خوێندنی ناحکومی 22 ناوەند بوون کە سزای ماددی  لە 10 ملیۆن دینار تا 70 ملیۆن دینار و  سزای کارگێری پێویست گیراوەتەبەر بەرامبەریان بە گوێرەی رێژەی سەرپێچییەکەیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەمەوێت بە هەمووان  ڕابگەیەنم لە رێگەی جێبەجێکردنی یاساوە  ڕێگە لەوە گیراوە کەرتی خوێندنی حکومی فەرامۆش بکرێت و  لە هەمان کاتدا دەرفەتی هەلی کاری زیاتر رەخسێندراوە لەکابینەی نۆیەم ، کە داتاکان بەم جۆرەن : ژمارەی مامۆستایانی خوێندنی ناحکومی  بریتین لە ( 12090) مامۆستا،  ژمارەی مامۆستایانی هەمیشەیی کە دانەمەزراون و میلاکی خوێندنی ناحکومی خۆیانن بریتین لە (11524) مامۆستا و ژمارەی مامۆستایانی دامەزراوی حکومی بریتین لە ( 566) مامۆستا.

راشیگەیاند، ژمارەی فەرمانبەرانی خوێندنی ناحکومی بریتین لە ( 4259) فەرمانبەر، کە ژمارەی فەرمانبەرانی  هەمیشەیی ناحکومی کە میلاکی خۆیانن و دانەمەزراون بریتین لە ( 4140) فەرمانبەر ، وەژمارەی فەرمانبەرانی حکومی کە لە کەرتی ناحکومیش کار دەکەن بە گوێرەی یاسا ، بریتین لە (119)  فەرمانبەری حکومی.

بەم جۆرە ئەوانەی کە دەرچووی دانەمەزراون  لە کەرتی خوێندنی ناحکومی دەرفەتی کارکردنیان بۆ ڕەخساوە وەک مامۆستا و فەرمانبەر ژمارەیان  بریتیە لە ( 15664 ) پازدە هەزار و شەش سەد و شەست چوار  مامۆستا و فەرمانبەر لە کۆی گشتیی( 16349) شازدە هەزار و سێسەد و چل و نۆ مامۆستا و فەرمانبەر لە کەرتی خوێندنی ناحکومی.

لەکۆتاییدا ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەساڵی خوێندنی 2023 -2024 ، رێکارەکانی بەدواداچوون و چاودێریکردن بەردەوام دەبن لەسەر کۆی گشتیی ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی و چەندین لیژنەی  باڵای هەمیشەیی پێکدەهێندرێت لەسەر ئاستی وەزارەت، هەروەها میکانیزمی نوێ بۆ ئامادەبوونی قوتابیان و خوێندکارانی پەیمانگە ناحکومییە پێنج ساڵەییەکان دەگیرێتەبەر.