ئەسەد لە دیمەشق چاوی بە سەفادی دەکەوێت و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا تاوتوێ دەکات

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا رۆژی دووشەممە، 3ی تەمموزی 2023، لە دیمەشقی پایتەخت لەگەڵ ئەیمەن سەفادی وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبووەوە، لەم دیدارەدا ئەسەد پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئوردن و سوریای تاوتوێ کرد.

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ ئەلسەفادی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق و لەوێ چاوی بە هەردوو سەرۆک ئەسەد و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا دەکەوێت و ئەم سەردانەش بۆ سوریا دووەم سەردانەکەی ئەلسەفادییە لە ماوەی 5 مانگدا.

لە میانی دیدارەکەدا ئەسەد باسی لە “گەڕانەوەی سەلامەتی پەنابەرانی سووریی بۆ گوند و شارۆچکەکانیان کرد، کە ئەولەویەتە بۆ دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ پێویستی دەستەبەرکردنی ژێرخانی ئەم گەرانەوەیە و پێداویستیەکانی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بە گشتی فۆرمەکانی، و پشتگیریکردنی بە پرۆژەکانی چاکبوونەوەی پێشوەختە کە گەڕاوەکان دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بگەڕێننەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو رێوشوێنانەی دەوڵەتی سوریا دەیگرێتەبەر، چ لەسەر ئاستی یاسادانان یان یاسایی یان لەسەر ئاستی ئاشتەوایی، بەشدارن لە دابینکردنی باشترین ژینگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

هاوکات، ئەلسەفادی دوایین هەوڵەکانی ئوردن سەبارەت بە پرسی گەرانەوەی ئاوارەکانی سوریای خستەروو، هەروەها ئەو بیرۆکە نوێیانەی کە لەم بارەیەوە پەرەی پێدرا.

ئەلسەفادی جەختی لەوە کردەوە کە ئوردن پشتگیری لە سەقامگیری لە سوریا دەکات و وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ حکومەتی سوریا کاربکات لە بوارە دوو قۆڵییەکان کە هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرز دەکەنەوە و بەشدارن لە گەرانەوەی ئاوارەکانی سوریا.