چارەنووسی شەش لە دەستگیرکراوانی کورد نادیارە

هەولێر – نۆرس پرێس

سامان پاشایی، شاهۆ ساڵحی، کامیاب ئەسڵی، کاوە حیجازی و دوو برا بە ناوەکانی ئازاد مورادیان و ئەفخەم مورادیان، شەش هاوڵاتی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

 هەروەها کورش فاروقی، هاوکات لەگەڵ ئەو شەش هاوڵاتیەدا دەستبەسەر کراوە و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، لانی کەم حەوت هاوڵاتی بە ناوەکانی سامان پاشایی، شاهۆ ساڵحی، کامیاب ئەسڵی، کاوە حیجازی، ئازاد مورادیان، ئەفخەم مورادیان و کورش فاروقی کە هەموویان خەڵکی شاری سەقز بوون، لەم شارەدا دەستبەسەر کراون و دواتر تەنیا کورش فاروقی، خوشکەزای ئازاد و ئەفخەم مورادیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە و تاکو ئێستا چارەنووسی شەش کەسەکەی دیکەیان نادیارە.

بەپێی سەرچاوەکان، سامان پاشایی، شاهۆ ساڵحی، کامیاب ئەسڵی، کاوە حیجازی و ئازاد و ئەفخەم مورادیان بۆ یەکێک لە زیندانەکانی حکومەتی شاری تاران گواستراونەتەوە.

تاکو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەو هاوڵاتیانە و هەروەها چارەنووسی ئەو شەش کەسە پاش دەستبەسەربوونیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە بەردەستدا نییە.