“مەسەدە” داوای پشتیوانی بڕیاری دادگاییکردنی ئەندامانی “داعش” دەکات
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی راگەینراوێکەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی بەڕێوبەری خۆسەر دەکات، بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دادگاییکردنەکە “تاکە رێگایە” بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان، لەوانەش چارەنووسی بێسەروشوێنەکان لە سوریا.
“مەسەدە” پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ کە پەیوەندی بە ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکانەوە هەیە لە ماوەی 12 ساڵی جەنگدا لە سوریا.
بەگوێرەی راگەێنراوەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، ئەو بڕیارنامەیەی کە لە ئەنجومەنی گشتیدا پەسەندکرا، بە 83 دەنگی بەڵێ و 11 دەنگی نەخێر و 62 دەنگی بێلایەن، کە 13 وڵاتی عەرەبی، بە هاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی عەرەبی بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا هاتوەتە ئاراوە.
راگەێنراوەکە پیرۆزبایی لەو بڕیارە دەکات، کە “لە ئەنجامی هەوڵە بێکۆتاکانی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی هات، کە بەدرێژایی ساڵانی قەیرانی سوریا کاریان کرد بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی زیاتر لە 100 هەزار کەس، بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان” ، و بە “هەنگاوێک بە ئاراستەیەکی دروستدا، هەرچەندە درەنگ بوو” ناوزەدیان کرد.
داواشیانکرد هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوکارییەک بکرێت بۆ هەر دەستپێشخەری و هەوڵێک کە کۆتایی بە قەیرانی سوریا بهێنێت و ئازارەکانی خەڵکی سوریا کەمبکاتەوە، لەوانە دەستپێشخەری چارەسەری کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرەوە دەستیپێکردووە، هەروەها بڕیاری دادگاییکردنی ئەندامانی “داعش”.
رۆژی 11ی حوزەیرانی رابردوو، بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوبەری خۆسەر رایگەیاند، پشتیوانی دەرەکییان بۆ دادگاییکردنی “تیرۆریستانی داعش”ە بیانییەکان وەرنەگرتووە، هەروەها خۆسەری تاکلایەنە دادگاکە پیکدێنێت و ئاسانکارییەکان لەسەر خۆیان بووە.
رۆژێک پێشتر بەڕێوبەری خۆسەری بڕیاریدا بە پێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پەیوەست بە “تیرۆر”، دەست بە دادگاییکردنی بیانییەکانی رێکخراوی “داعش” بکات کە لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن.
“مەسەدە” چارەنووسی بێسەروشوێنەکانی گرێدا بە مامەڵەکردن لەگەڵ “داعش” لە هەموو ئاستەکاندا و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان بۆ سەر خاکەکەیان، بەم شێوەیە وەسفیان کرد: “تا کێشەی داعش چارەسەر نەکرێت رووناکی نابینرێت”.