بەرێوبەرایەتی خۆسەر: تورکیا زیاتر لە 40  ئاوی خورادنەوەی لەسەر شاری حەسەکە بڕیووە

حەسەکە – نۆرس پرێس

عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاوی خواردنەوە لە شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە رایگەیاند، لەو کاتەی تورکیا شاری سەرێ کانی “داگیرکردووە” لە پاییزی ساڵی 2019 و دەستی بە سەر وێستگەی عەلوک بۆ ئاوی خواردنەوەدا گرتووە، زیاتر لە 40 جار ئاوی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس نێو شاری حەسەکە بڕیووە.

عیسا یونس لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد،  کێشە راستەقینەکە ئەوە نییە کە چەند جار تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئاوی خواردنەوەیان لە سەر خەڵکی شاری حەسەکە بڕیووە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە هەندێکجار بۆ ماوەی 8 مانگ ئاویان بڕیووە.

یونس روونیشیکردەوە کە لە 18ی نیسانەوە کارەبا لەلایەن بەرێوبەرایەتی خۆسەرە بە وێستگەکە درا، بریاربوو لە بەرامبەردا گروپە چەکدارەکان ئاوی وێستگەی عەلوک بۆ شاری حەسەکە بڕی، بەڵام وەک پێویست ئاویان بەرنەدایەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تانکی ئاوی وێستگەی بیرەکانی ئەلحەممە لە حەسەکە، کە توانای کۆکردنەوەی 30 هەزار مەتر سێجایە، پێویستی بە نزیکەی 10 کاتژمێر هەیە بۆ پرکردنەوە ئەگەر وێستگەکە بە توانای مامناوەند کاربکات، بەڵام پرکردنەوەی تانکییەکە زیاتر لە 4 رۆژی خایاند.

هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاوی خواردنەوە لە شاری حەسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، گەرەکی تەل حەجەر نزیکەی 62 رۆژ بێ ئاو بوون، گوتیشی: “تورکیا کارتی ئاو بۆ ئامانجە سیاسییەکانی بەکاردەهێنێت”.

عیسا یونس بێدەنگی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە “ئەم پێشێلکارییە بەردەوامە” ئیدانە کرد و وتی ئەمەی بەرامبەر شاری حەسەکە و گوندوارەکانی دەکرێت “تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی”.

عیسا یونس ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە سەرەتا بەرێوبەرایەتی خۆسەر رەزامەندی نیشاندا کە کارەبا بداتە وێشتگەی عەلوک لە بەرامبەردا دەبوا گروپە چەکدارەکان ئاو بدەنەوە شاری حەسەکە، بەڵام بەهۆی ئەوی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن قسەی خۆیان جێبەجیەیان نەکرد، ئەوانش ناچاربوون کارەبا لە سەر وێستگەی عەلوک ببرن.