هەولێر- نۆرس پرێس
میری ئێزدییان رایگەیاند، سووتاندنی قورئان، کارێکی ئیستفزازییە، هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینەکانەوە نییە و گوزارشت لە بۆچوونی هیچ ئایین و بیروباوەڕێک ناکات.
ئاماژەی بەوەشدا، سووتاندنی قورئان هەستی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمانی بریندار کردووە و بێڕێزی بە بیروباوەڕیان کردووە، لەهەمانکاتدا بووەتە هۆی وروژاندنی ململانێ و هاندانی رق و کینە لە نێوان خەڵکیدا.
میری ئێزدییان دووپاتی کردەوە، هەموو گوتارێکی رق و کینە رەت دەکەنەوە و هەموو ئەو کردەوانە سەرکۆنە دەکەن کە زیان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاودەنگی برایانە دەگەیەنن و بەهاکانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن.
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان پەنابەرێکی عێراقی لە سوید لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، قورئانی پیرۆزی سووتاند. ئهو رهفتاره لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سویدیەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سویدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی پێدا بەهۆی مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە.
هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقییە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی توندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق توندترین هەڵوێست روویدا و خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونەتە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.