تاکە دەرەچەی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركووك، بەندەری جەیهانی توركیایە

هەولێر- نۆرس پرێس

 ‌بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركووك، عێراق نزیكەی هەشت ملیار دۆلار زیانی پێ دەگات.

شەوی رابردوو کەناڵی “وەن نیوز” راپۆرتێکی لەبارەی زیانەكانی راگرتنی نەوتی كوردستان بڵاو كردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە تاکە دەرەچەی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركووك، بەندەری جەیهانی توركیایە.

رۆژی 25ی نیسانی رابردوو دادگای ناوبژیوانی بازرگانیی نێودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە پاریسە، لەسەر سكاڵایەكی عێراق كە لە سەردەمی نووری مالیكی لە دژی توركیا و فرۆشتنی نەوتی كوردستان تۆمارکرابوو، بڕیارێكی دژی توركیا دەرکرد كە بۆیان نییە نەوتی كوردستان بفرۆشن و هەر لەو رۆژەیشەوە هەناردەی نەوت ڕاگیراوە.

كەناڵەكە پشت بەستن بە داتاكانی رابردوو ڕایگەیاند، ئێستا عێراق رۆژانە زیانی دارایی نەناردنە دەرەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەکانی هەرێمی كوردستان و 80 هەزار بەرمیلی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك كە تێكڕا دەكاتە 480 هەزار بەرمیلی رۆژانە، دەكات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی كەناڵەكە، قەبارەی ئەو زیانە داراییەی بەر وڵاتەكە كەوتووە، بەهۆی وەستانی نەوتی كوردستانەوە، تا كۆتایی ئەمساڵ دەگاتە هەشت ملیار دۆلار.

لە مادەی 14ی بودجەی عێراقدا باس لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەکرێت بەوەی ئەگەر هەناردە نەكرێت، ئەوە هەرێمەكە پابەندە بە رادەستكردنی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی.