نوسراوی خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نوسراوی خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و تەواوی پەرلەمانتارانی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی و دەزگای خانەنشینی دەکرێت و بەپێی خزمەت و تەمەنیان بەڕێژەی 25% بۆ 50%ی موچەکانیان خانەنشین دەکرێن. 

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ نوسراوی خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرجەم پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی و دەزگای خانەنشینی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام تائێستا یەکلایی نەبوەتەوە کە بەپێی چ بەروارێک دیاری بکرێت، بابەتەکە سیاسیە و ئێستا لایەنەکان سەرقاڵی گفتوگۆکردن لەوبارەیەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە و سەرجەم پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان خانەنشین دەبن، جگە لە حەوت پەرلەمانتار نەبێت کە پێشتر داوایان بۆ رەتکردنەوەی خانەنشینی پێشکەش کردبوو.

ئەو سەرچاوەیەی پەرلەمانی کوردستان وتیشی، پەرلەمانتارە نوێکان کە لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە 6- 11- 2022 دەستبەکاربون و سوێندی یاساییان خوارد لەنێو لیستەکەدا نابن و خانەنشین ناکرێن، بەڵام تەواوی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکە لەنێو لیستی خانەنشینیدا دەبن.

ئەوەشی خستەڕو، خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران بەپێی ماددەی حەوتی بڕگەی دووەمی یاسای خانەنشینی دەبێت، موچەی خانەنشینی بەپێی ساڵانی خزمەت و تەمەنی پەرلەمانتاران دەگۆڕێت کە لە نێوان 25% بۆ 50%ی کۆی موچەی خانەنشینی دەبێت، واتا لەنێوان دوو ملیۆن دینار بۆ 4 ملیۆن دیناردەبێت.