لە پێنجەمین شەوی ناڕەزایەتییەکاندا لە فەرەنسا 719 کەس دەستگیرکران
هەولێر – نۆرس پرێس
لە پێنجەمین شەوی ناڕەزایەتییەکاندا لەسەر کوشتنی مێردمنداڵەکە “نائیل” بە گولەی پۆلیسێک لە سێشەممەی رابردوودا، لە گەڕەکێکی پاریسی پایتەخت، بە گوێرەی ئاژانسی فرانس 24، ناوچەکان شایەتی دابەزینی بەرچاوی “توندوتیژییەکان و ئاژاوەگێڕییەکان” بوون دوابەدوای ناشتنی تەرمی مێردمنداڵە بە رەگەر جەزائیرییەکە.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا شەوی شەممە دەستگیرکردنی 719 کەسی راگەیاند، لەکاتێکدا پۆلیس 45 هەزار کارمەندی خۆیان لە سەرانسەری فەرەنسا بڵاوکردەوە، دۆخی ئەمنی و ئاسایش لەهەر سێ شاری گەورەی پاریس، لیۆن و مارسیلیا بەهێزتر کراوە، هەروەها سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن سەردانەکەی دواخست کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە ئەنجامی بدات بۆ چارەسەرکردنی خراپترین قەیران کە رووبەڕووی حکومەتەکەی بووەتەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی “هێلەک زەردەکان”ەوە.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە چوارەم شەوی خۆپێشاندانەکاندا واتە شەوی هەینی لەسەر شەممە، 31 هێرش کراونەتە سەر بنکەکانی پۆلیس و 11ی دیکە کراونەتە سەر بنکەکانی جەندرمە.
هەر لەو شەوەدا، بە گوێرەی وەزارەتەکە، هەزار و 350 ئۆتۆمبێل سووتێنراون، 234 خانوو و باڵەخانە بەهۆی ئاگرەوە زیانیان بەرکەوتووە و دوو هەزار و 560 ئاگر لە سەر رێگە گشتییەکان کراونەتەوە.
جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رۆژی شەممە سەردانی شوێنێکی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەرە تووڕەکانی کرد و گوتی، “کۆماری فەرەنسا بەسەر ئاژاوەگێڕان و تێکدەراندا سەردەکەوێت،” ئاماژەی بەوەش کرد کە تونودوتیژیەکە ئەمڕۆ بەراورد بە شەوی رابردوو کەمتر بووە.
وەزیرەکە باسی لەوەش کرد کە 45 هەزار پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردنی پشێوی خراونەتە ئەرکەوە؛ گوتیشی کە زرێپۆش و هێلیکۆپتەریش سوودیان لێ وەردەگیرێت.