رووسیا ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی 315 پێشێلکاری لەماوەی مانگێکدا لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا 315 جار سەلامەتی فڕینیان لە سوریا پێشێل کردووە.

“ئۆلێگ گۆرینۆڤ”، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پێشێلکارییەکان “ئامانجدار و سیستماتیکن”.

بەپێی راگەیەندراوی ناوەندی رووسیا لە وەزارەتی بەرگری، ئەو پێشێلکارییە گوماناویانە لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵی ناکۆکی و یاداشتنامەی دوو قۆڵی بۆ سەلامەتی فڕۆکەوانی لە سووریا لە نێوان رووسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا دێت.

ناوەندی رووسیا نزیکەی رۆژانە نوێکارییەکان لەبارەی ئەو پێشهاتە ئەمنی و سەربازییانەی کە لە چوارچێوەی ناوچەکانی کۆنترۆڵی وڵاتەکەی لە سوریا روودەدەن، هەروەها دەربارەی کاروانەسەربازییەکانیان لە ناوچەجیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان راپۆرت بڵاودەکەنەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە “پێشێلکارییەکان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە”.

لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی رێگریکردن لە پێکدادان لەلایەن هێزی ئاسمانی رووسیاوە “مەترسی پەرەسەندن و پێشبینییە هەڵەکان زیاد دەکات.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر