گروپێکی سەر بە تورکیا دەستبەسەر 112 ئاژەڵی قوربانیدا دەگرێت لە سەرێکانێ
تل تەمر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، گروپی چەکداری “سوڵتان موراد” کە بەشێکە لە “جەیش وەتەنی” لایەنگری تورکیا بەبێ هیچ پاساوێک دەستی بەسەر 112 ئاژەڵی قوربانیدا گرت، کە لەلایەن رێکخراوێکی ناوخۆییەوە بۆ ئاوارەکانی کامپی سەرێکانێ لە باکووری حەسەکە دابینکرابوو بۆ جەژنی قوربان.
سەرچاوەیەکی کارگێڕی لە ئەنجومەنی خۆجێیی سەرێکانێ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، رێکخراوێکی خۆجێیی 112 قوربانی مەڕ و مانگایان بەخشیوە بە ئاوارەکان لە کامپی عێراقییەکان، بەڵام گروپی سوڵتان موراد لە کاتی سەربڕینیاندا دەستیان بەسەردا گرتوون و گواستویانەوە بۆ بارەگاکانیان، بەبێ ئەوەی بزانرێت هۆکارەکەی چییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندانی رێکخراوەکە هەوڵیانداوە دەستوەردان بکەن، بەڵام ئەندامانی سوڵتان موراد هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێکردوون.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، قوربانییەکان بە دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گواستراونەتەوە بۆ گوندی “تل حەلەف” لە رۆژئاوای شارەکە.
بەهەمان شێوەش، لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا، گروپی ئەحرارشام دەستیان بەسەر 8 ئاژەڵی قوربانیدا گرتلەکاتی سەربڕینیان لە قەسابخانەکە، کە خێزانێکی کورد خاوەندارێتی دەکرد، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی روونبکەنەوە.
هەروەها ئەندامێکی خێزانەکەیان دەستگیرکرد لەکاتێکدا هەوڵی دەدا رایانگرێت، بەبێ هیچ دەستوەردانێکی ئەنجومەنی ناوچەیی یان “شورتەی عەسکەری”.