شەڕ و ناکوکییەکان هەزاران کەسی کردووەتە قوربانی

هەولێر – نۆرس پرێس

بە گوێرەی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست”ی ئەمریکی، کە ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی ساڵانەی پێوەرەکانی ئاشتیی جیهانی لە پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی داوە، لە ساڵی 2022 زیاتر لە 238 هەزار کەس بەهۆی ململانێیە جیهانییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش بە ڕێژەی 96% لەسەر بنەمای ساڵانە لە گیانلەدەستدان بەهۆی ململانێیەکانەوە زیادی کردووە واتا نزیکەی دوو هێندە.

بەپێی خەمڵاندنی توێژینەوەیەکی پەیمانگەکە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە لانیکەم 82 هەزار گیانیان لەدەست داوە، بەڵام لە ئەسیوپیا ژمارەکە زۆر زیاترە بوو کە لە ململانێی نێوان حکومەتی نیشتمانی و هێزەکانی بەرەی تیگرای زیاتر لە 104 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، ئەم ژمارە خراپترین ژمارەی ساڵە لە ڕووی گیانلەدەستدانی پەیوەست بە ململانێیەکانەوە لە یەک وڵاتدا لە ساڵی 1994ەوە، هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە زیادبوونێکی سەرسووڕهێنەری گیانلەدەستدان هەیە بەهۆی ململانێیەکانەوە لە ژمارەیەک وڵات لەنێوانیاندا مالی و میانمار.