ئەندامێکی “هەسەدە” لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە شەهید کرا

دێرەزووە – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە، لە شارۆچکەیەکی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، شەهید کرا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ شارۆچكه‌ی شەحیل كه‌ 40 كم له‌ رۆژهه‌ڵاتی دێره‌ززووره‌وه‌ دووره‌ رایگه‌یاند، چه‌كدارانی نه‌ناسراو كه‌ سواری ماتۆڕسكیل بوون، به‌ كڵاشینكۆف ته‌قه‌یان له‌ گه‌نجه‌ 24 ساڵه‌كه‌ كردووه‌ته‌ به‌ ناوی “ته‌میم ئه‌لمه‌جول” کە ئەندامی هەسەدەیە، لە نزیک فولکەی ئەلعەتال لە دەروازەی شارۆچکەکە، و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەلمەجول بۆ بەسەربردنی پشوو هاتبووەوە بۆ ماڵەوە، پێش ئەوەی بگاتەوە ماڵەکەی تیرۆر کرا.

سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە چڕ و پڕە ئەمنیانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان پێکردووە، گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور زیادبوونی حاڵەتەکانی تیرۆرکردن بەخۆوە دەبینن، ئەمەش ئەندامانی “هەسەدە” و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتیی هۆزەکان و دانیشتوانی سیڤیل، دەکاتە ئامانج.

هەروەک دوو رۆژ لەمەوبەر رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە رێگەی میدیاکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە شاهید کردنی ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە چەقۆ لە شارۆچکەی ئەلسەبا لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، راگەیاند.