پەرەسەندنی سه‌ربازی تورکیا دەبێتە هۆی گیانی لەدەستدانی دو منداڵ لە مونبج
ڕەقە – نۆرس پرێس
دوای هێوربونەوەی کە چەند ڕۆژی ڕابردو بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای كوردستان ، هێزەکانی تورکیا و گروپه چه‌كداره‌كانی سوریای سه‌ر به ئه‌نكه‌ره دوباره ده‌ستیان به بۆردومانكردنی گوندەکانی گونده‌واری شاری مونبج لە باکوری سوریا كرده‌وه.
ڕۆژی دوشەممەی ڕابردو ئیبراهیم کالن وتەبێژی سه‌رۆكایه‌تی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەنقەرە ئامادەیە بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ لە ڕۆژئاوای كوردستان و دەتوانێت لە هەر ساتێکدا دەست پێ بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیاش پێشتر شارەكانی تل ره‌فعه‌ت و مونبجی وەك ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی دەستنیشان كردبو.
دوێنێ چوارشەممەش، دو منداڵ له بۆردومانێکی تورکیادا بۆ سه‌ر گوندی عەرەب حەسەنی باکوری شاری مونبج گیانیان لەدەستدا،
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندەکە به نۆرس پرێسی ڕاگه‌یاند، موشەکێکی توركی ئاڕاسته‌ی ماڵی عه‌بدول له‌تیف حەنەفی كرابو و بەو هۆیەوە دو منداڵە بە ناوەکانی محەمەد عەبدول لەتیف حەنەفی كه ته‌مه‌نی (١٣ ساڵ)ه و ئەحمەد فواد حەنەفی (١٢ ساڵ) کوژراون.
سەرچاوەی بۆردومانەكەش بنكەی توركیا بوە كە نزیك گوندی عەرەب حەسەنە و دەكەوێتە باكوری ڕوباری ساجور لە باكوری شاری مونبج.
ئەنجوومەنی سەربازی مونبج ڕایگه‌یاند لە هاوكات له‌گه‌ل بۆردومانه‌كانی عه‌ره‌ب حه‌سه‌ن کێڵگەی جه‌ڕاد لە باکوری مونبج به هاوەن گوله‌باران كرا كه نزیكه‌ی 15 گوللە به‌ر كێڵگه‌كه كه‌وت،.
له نیوەی شەوی پێنجشەممەش، هێزەکانی تورکیا و گروپه چه‌كداره هاوسۆزه‌كانی بە چەکی قورس گوندەکانی “سیاده و ئۆم عه‌دسه”یان لە باکوری ڕۆژئاوای مونبج بۆردومان کرد.
لە بەرەبەیانی ٢٧ی حوزەیرانیش، هێزەکانی تورکیا و گروپه چه‌كداره هاوسۆزه‌كانی چەند گوندێکیان لە باکوری مونبج لە بۆردومان کرد.
هێزەكانی توركیا و گروپه چه‌كداره‌كانی سوریای سه‌ر به ئه‌نكه‌ره بۆردومانەكانیان بۆ سەر (عەرەب حەسەن، عەون ئەلدادات، جەراد، و 4 كیلۆ) چرتركردۆته‌وه، لەكاتێكدا نزیكەی 96 موشه‌كیان له بنكه‌كه‌یانه‌وه ئاڕاسته‌ی گونده‌كان كردوه.
له‌گه‌ل بۆردومانەکە فڕۆكه‌كانی ڕوسیا بەسەر ئاسمانی شارەکەدا، و هێڵی نێوان ئەنجومەنی سەربازی مونبج و گروپه چه‌كداره‌كان کە تورکیا پشتیوانیان ده‌كات ده‌سوڕانه‌وه.
لە سێی مانگی حوزەیرانه‌وه، ناوچەکانی هێڵی سنوری نێوان هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مونبج و گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا ، لە گونده‌واری مونبج، پەرەسەندنێکی سه‌ربازی به‌رجاو تێدا ڕویاندا، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی له ڕۆژئاوای كوردستان.
لە ماوەی یەک هەفتەدا 12 گوندی گونده‌واری باکور و رۆژئاوای مونبج، 206 گوللە هاوەنیان ئاڕاسته كراوه ، ئەمە جگە له ته‌قه‌كردنی به‌رده‌وامی هێزه‌كانی توركیا و گروپه چه‌كداریه‌كانی.
دوێنێ چوارشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، هەوڵێکی دزەکردنی گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا بۆ نێو گوندی کۆر حەسەن لە ڕۆژئاوای گری سپێ باکوری ڕەقە شكست پێهێندرا.
گوندەکە له‌لایه‌ن تۆپخانەکانی توركیا بۆردومان ده‌كرا، بۆ ئه‌وه‌ی هەوڵی دزەکردنی سه‌ركه‌وتو بێت، به‌ڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕوبەڕوی گروپه‌كه بونەتەوە، و پێکدادان لەنێوان هەردوولا ڕوویدا.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانە ئەندامێکی گروپه‌كه كوژرا و یه‌كی دیكه‌ش بریندار بو ،و ئەوانی تر هه‌ڵاتن.