ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێشوازی لە دامەزراندنی دامەزراوەیەک دەکات بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکانی سوریا
ئیدلب – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، 30ی حوزەیرانی 2023، ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێشوازی لە راگەیاندنی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە رەشنووسی بریارنامەی دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە سوریا پەسەند کردووە.
پێنجشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکردنی رەشنووسی بریارنامەی دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێن و بێسەروشوێنە زۆرەملێکان لە سوریا راگەیاند.
هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەری فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەسەر پێویستی “بەستنەوەی ئەم میکانیزمە بە دۆسییەی دۆزینەوە و ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە بە زۆر بێسەروشوێنکراون کە لە بریارنامەی 2254دا هاتووە، و هەروەها بەستنەوەی بە مەلەفی لێپرسینەوە”.
لە بەیاننامەکەدا داوای کردووە “هەوڵە جدییەکان بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان چڕتر بکرێتەوە، و نەک تەنها چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت”.
بەگوێرەی خەمڵاندنە جۆراوجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لە ساڵی 2011ەوە ژمارەی بێسەروشوێنەکان لە سوریا نزیکەی 100 هەزار کەسە، بەڵام پێش ئەم وادەیە کەسانی بێسەروشوێن هەن و پێدەچێت لەوە زیاتر بن.
83 وڵات دەنگیان بە بریاری دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ دا بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێن و دەستبەسەرکراوان لە سوریا، 11 وڵاتیش دەنگی نەخێریان دا و 62 وڵاتیش دەنگیان نەدا، لەوانە سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، عومان، میسر، ئوردن ، مەغریب، لوبنان، تونس و یەمەن.