واشنتۆن رۆلی “هەسەدە”ی لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سێ هاووڵاتی دانیمارکی بەرز نرخاند

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمریکا رۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”ی بەرز نرخاند لە پرۆسەی گەراندنەوەی سێ هاووڵاتی دانیمارکی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ وڵاتی خۆیان، هاوکات داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە هاوشێوەی دانیمارک هاوڵاتیەکانیان بگەرێنەوە، هۆشداریشیدا لە مەترسی زیندانەکانی ناوچەکە کە چەکدارانی داعش لێدەمێننەوە.

ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی رۆژی هەینی لە ماڵپەری فەرمی وەزارەتەکەیدا بڵاویکردەوە، رایگەیاند، هەفتەی رابردوو دانیمارک ژنێک و دوو منداڵ کە ‌هاوڵاتی دانیمارکی بوون لە کەمپەکانی ئاوارەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا گەراندنەوە، ئەمریکا ئەم هەلوێستەی دانیمارک بەرز دەنرخێنێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، واشنتۆن سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشەکان “هێزەکانی سوریای دیموکرات” دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ئاڵۆزە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا “پشتیوانی لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی دانیمارک بۆ وڵاتەکەی کردووە، و ئامادەیە هاوکاری وڵاتانی دیکە بکات لەو بارەیەوە”.

میلەر باسی لە دەستگیرکراوەکانی داعش کرد لە ناوچەکەدا کە ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەسە و هۆشداریدا لەوەی کە ئەوان گەورەترین مەترسین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردوە کە چارەسەرکردنی مرۆیی و ئەمنییانەی کە دوای شکستی ” داعش” هاتە پێشەوە، لە پێشینەی کارەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعشە.

لە بەیاننامەکەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی 10 هەزار کەس کە زۆربەیان منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵن و زیاتر لە 60 وڵاتەوە هاتوون، هێشتا لە کەمپی هۆل و رۆژ بۆ ئاوارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریادان.

میلەر گوتی: “گەرانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان تاکە چارەسەری هەمیشەیە بۆ ئەم کەسانە”، لەکاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لە “کارکردن لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ گەراندنەوەی هاوڵاتیانیان لە باکوری رۆژهەلاتی سوریا”.