هەولێر- نۆرس پرێس
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بەڵێنانەی کە پێشتر بە هاوپەیمانی سەروەری سوننەی دابوو پاشەکشەی کرد، لەوانە دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی، ئەوەش بەهۆی فشارە توندەکانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەش دوای فشاری گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێویاندا هاوپەیمانی فەتح، کە بە “باڵی سیاسی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران” ناودەبرێت.
بڕیاربو یاسای لێبوردنی گشتی دوای پەسەندکردنی بودجەی فیدڕاڵی پەرلەمان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بەڵێنانەی سودانی بە هێزە سوننەکانی دابو، دەربکرێت، بەڵام بابەتەکە دواخرا لەکاتێکدا زانیاریەکان ئاماژە بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پلانەکان بۆ دەرچواندنی ئەو یاسایە دەکەن، بەوەش هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان روبەڕوی هەڵوێستێکی شەرمەزارکەر دەبێتەوە لەبەردەم ڕای گشتی سوننەدا، بەتایبەتی تادێت هەڵبژاردنی پارێزگاکان نزیکدەبێتەوە.
هاوپەیمانی فەتح، کە بە “باڵی سیاسی گروپە چەکدارە دڵسۆزەکان بۆ ئێران” ناودەبرێت، دژایەتی توندی دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەکات لەکاتێکدا پێشتر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دەرچواندنی یاساکەی بە سوننەکان دابوو.
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، “پڕۆسەی دوبارە لێکۆڵینەوە لە 70 هەزار سزادراو لە زیندانەکاندا نالۆژیکییە و قبوڵکراو نییە لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەقامگیرییەی کە عێراق ئێستا لە هەمو ئاستەکاندا شاهیدییەتی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەنگنەدانی کابینەکە لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی هەنگاوێکە بە ئاڕاستەیەکی دروستدا، هەندێک لایەنی سیاسی گرەویان لەسەر تێپەڕاندنی لەناو کابینەکەدا کردوە، ئەمەش ڕوینەدا”.
هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران کە ساڵانێکە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردوە، هەمیشە بە بیانوی ئەوەی کە چەکدارە تیرۆریستییەکان لە سودمەنداندان، رەتیانکردوەتەوە یاسای لێبوردن دەربکەن، هەرچەندە هێزە سوننەکان نەرمییەکی زۆریان نیشانداوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەخرێنە نێو ئەو یاسایەوە کە دەردەکرێت.
هەر کە حکومەتی سودان پێکهێنرا و تا ڕادەیەک سەقامگیری سیاسی بەدەستهات، هێزەکانی دەوڵەت ئاماژەیان بۆ خۆدزینەوە لەو ڕێککەوتنە نیشاندا، کە لەگەڵ پێکهاتەی سوننە ئەنجامدرا، کە ئەمڕۆ خۆی لە پێگەیەکی لاوازدا دەبینێتەوە.
عەبدولکەریم ئەلعەبتان، نوێنەری هاوپەیمانی سەروەری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یاسای لێبوردنی گشتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە سیاسییەکاندایە، هاوپەیمانی سەروەری دەستبەرداری دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی نابێت لەناو هۆڵی پەرلەماندا.
ئاماژەی بەوەکردوە، پێشتر لە بەرنامەی حکومەتدا ڕێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە کراوە، بەو پێیەی حکومەت لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ڕێککەوتن پێکهێنراوە، لەنێویاندا ئەو یاسایە، کە بڕیارە ئەو کەسانەی بێتاوان دەستگیرکراون لە زیندانەکان دەربهێنرێن.
ئەو پەرلەمانتارەی سوننەکان دەڵێت، “داواکاریی ئێمە دادپەروەرییە بۆ ئەو کەسانەی بێتاوان دەستگیرکراون و لە ژێر ئەشکەنجە و فشاردا وایان لێکراوە دان بەتاوانێکدا بنێن کە ئەوان نەیانکردوە”.
پێشتر خالد شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاندبو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر پێکهێناوە، بڕیارەکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، کە سودانی ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات کە دژایەتی ئەو لایەنە سیاسییانە بکات کە پشتیوانی لێدەکات، هەربۆیە پاشەکشەی لە یاسای لێبوردنی گشتی چاوەڕوانکراو بو، ئاماژەش بەوە دەکەن، کە هاوپەیمانی سەروەری ناتوانێت زۆر شت لەوبارەوە بکات، بەو پێیەی دابەشبونیان لەنێو خۆیاندا هێندەی تر لاوازیکرد.
لە مانگی 11تشرینی دوەم 2017 پێشنیاری هەموارکردنەوە لە یاسای لێبوردنی گشتیدا خرایەڕو، دوای ئەوەی داواکارییەک لەلایەن هێزەکانی ئێستای سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشکەشکرا، دیارترین هەموارکردنەکان بریتی بون لە خستنەڕوی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، کە لەگەڵ ئەو کەسانەدا یەکلایی دەکرێنەوە کە مافی کەسییان هەیە بۆ لێبوردن، ئەمە جگە لەوەی ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بەتۆمەتی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتی دەستگیرکراون.