لاڤرۆڤ: هیچ رونکردنەوەیەک لەبارەی یاخیبونی ڤاکنەر نادەینە وڵاتان

هەولێر-نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی روسیا ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکدا رایگەیاند، واشنتن هەوڵدەدات هەژمونی خۆی بەسەر باقی وڵاتەکاندا بسەپێنێت، رۆژئاواش هەوڵدەدات رێگری بکات لە دەرکەوتنی روسیا وەک ناوەندێکی سەربەخۆ لە جیهانێکی فرە جەمسەریدا، دەشڵێت، هیچ پابەندبونێکمان لەسەر نیە بۆ ڕونکردنەوە بۆ هیچ نوێنەرایەتییەک.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەکرد، واشنتن هەوڵدەدات رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، زۆربەی وڵاتانی جیهان نایانەوێت بەپێی ئەو ڕێسایانەی ڕۆژئاوا دایانناوە بژین.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان لەلایەن دەوڵەتەکانەوە و لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە جێبەجێ بکرێت.

ناوبراو بە ڕونی ئەوەی خستەڕو، کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پێویستی بە فراوانبون هەیە لە زوترین کاتدا.

وەزیری ڕوسیا وتیشی، ئەگەر هەرکەسێک لە ڕۆژئاوا گومانی هەبێت لە سەقامگیری ڕوسیا ئەوە کێشەی خۆیەتی، ڕوسیا پابەند نییە بە ڕونکردنەوەی ڕوداوەکانی ڕوسیا یان دابینکردنی گەرەنتی، ڕوسیا هەمیشە بەهێزتر و خۆڕاگرتر دەرکەوتوە لە بەرامبەر سەختییەکاندا.

ئەوەشی خستەڕو، لە کاتی یاخیبونی چەکداریدا لە روسیا هەندێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاوا دانیان بە شەڕی ئاشکرای خۆیاندا  لە دژی ئێمە و دانیان بەوەدا  کە ئەوان لە سەر ڕێگای ڕاستدان لەگەڵ پارەدارکردنی ئۆکرانیا.

لاڤرۆڤ رونیشیکردەوە، ئێمە هیچ پابەندبونێکمان لەسەر نیە بۆ ڕونکردنەوە بۆ هیچ نوێنەرایەتییەک (سەبارەت بە دۆسیەی یاخیبونی ڤاگنەر)، شەفافانە کار دەکەین، سەرۆک پوتنیش قسەی لەسەر ئەم بابەتە کرد، هەمو هێزە سیاسییەکانیش قسەیان لەسەر کرد، ڕوسیا هەمیشە بەهێزتر لە قەیرانەکان دەردەچێت و ئەمجارەش ئەمە ڕودەدات.