قەیرانێکی نوێ رووبەڕووی فەرەنسا دەبێتەوە، ماکرۆن سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی گرنگ دەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن،سەرۆکی  فەرەنسا دوای سێیەمین شەوی ئاژاوەگێڕییەکان لە پاریس بەهۆی کوژرانی گەنجێک لەلایەن پۆلیسەوە، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی گرنگ دەکات کە بە “کۆبونەوەی قەیران” ناودەبرێت.

بەرپرسانی کۆشکی سەرۆکایەتی فڕەنسا (ئێلیزێ) رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی فەرەنسا درەنگانی ئەمڕۆ هەینی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی نوێی حکومەت ئەنجامبدات، دوای ئەوەی بۆ سێیەمین شەو لەسەریەک لە سەرانسەری وڵاتدا ئاژاوەگێڕی سەری هەڵدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنی گەنجێک لەلایەن پۆلیسەوە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە.

ماکرۆن لە ڕۆژی پێنجشەممەوە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ئەوروپا لە برۆکسل بووە، ڕەنگە بەشداریکردنەکەی کورت بکاتەوە و پێش کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکانی لەگەڵ هاوتاکانی بگەڕێتەوە، بەڵام پێش ئەوەی لە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دەربچێت، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازدەکات.

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند، لە کاتی چالاکییەکانی شەوی ڕابردووی خەڵکی پاریسدا 667 کەس دەستگیرکراون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، خۆپیشاندەرانی فەرەنسا بەربەستیان دانا و ئاگریان کردەوە و یارییە ئاگرینەکانیان لە شەقامەکانی هەندێک لە شارەکانی فەرەنسادا تەقاند، لەکاتێکدا گرژییەکان بەهۆی تەقەکردنە کوشندەکەی پۆلیس لە گەنجێکی تەمەن 17 ساڵان کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە خەڵکی توشی شۆک کردووە.

ئەو ئەفسەرە پۆلیسەی کە تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە گەنجەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە کوشتنی سەرەتایی تۆمەتبارکرا، دوای ئەوەی پاسکال براچ داواکاری گشتی وتی، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی وای لێکردوە بگاتە ئەو ئەنجامەی مەرجەکانی بەکارهێنانی یاسایی چەکەکە جێبەجێ نەکراون.