هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دابینکردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، دەیەوێت سیستەمی پریپەید بۆ شارەکان دابین بکات و “ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەم سیستەمە، 24 کاتژمێر کارەبایان هەیە”.
بە پریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیر كراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی 50٪ کەمبووەتەوە و “کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکی شەقامەکان دابین کراوە”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمە جگە لەوەی کە ئەم سیستەمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بەتەواوی چارەسەر بکات.
سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر كردووەتەوە، “لەو شوێنانەی سیستەمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون”.
ئەمەش لەکاتێکدایە ملیۆنێك و 300 هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەمەش 92٪ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستەمی پریپەید.