ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی دەربارەی هێرشێکی ئاسمانی لە سوریا دەستپێکردووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

پنتاگۆن لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەبارەی هێرشێکی ئاسمانی لە سوریا دەستپێکردووە، ئەوەش دوای ئەو تۆمەتانەی کە گوایە “هاوڵاتییەکی سڤیل تیایدا گیانی لەدەستداوە”، نەک سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی قاعیدە کە لەلایەن ئەمریکاوە کرابێتە ئامانج.

لە راگەێنراوێکدا کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە دوێنێ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵسەنگاندنی متمانەپێکراوی قوربانیانی سڤیل، کە لەم دواییانەدا تەواو بووە، بووەتە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی.

سەرەتای ئەم مانگە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی فەرمی.

لە راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا هاتووە کە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی متمانەی قوربانیانی سڤیل بۆتە “لێکۆڵینەوە”، بەو پێیەی جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفارلین، فەرماندەی “هێزی ئەرکی هاوبەش – ئۆپەراسیۆنی چارەنووسی سروشتی”، وەک ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە 23ی حوزەیرانی 2023وە دەستنیشانکراوە.

لێکۆڵینەوەکە بە “15- 6” ناسراوە و بە نزیکەی هەشت هەفتە دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دێت کە سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی قاعیدەی کردە ئامانج.

هەرچەندە بەرپرسانی باڵای فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە دوای هێرشەکە، متمانەیان بەخۆیان هەبوو کە سەرکردەی قاعیدەیان کوشتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسەی لە بۆردوومانەکەدا کوژراوە گوتوویانە ئەو کەسە “جووتیارێکە و هیچ پەیوەندییەکی بەو گروپەوە نییە”.

خێزانەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسەی کوژراوە، لوتفی حەسەن مێستۆی تەمەن 56 ساڵە و باوکی 10 منداڵە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر