توێژەرێکی ئەمریکی بۆ نۆرس پرێس: واشنتن پشتیوانی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لێپێچینەوە لە تاوانبارانی جەنگ لە سوریا

واشنتن – نۆرس پرێس

ئەلێکساندەر لۆنگلۆیس، توێژەر لە ئینستیتیوتی کۆماریخوازی نێودەوڵەتی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، واشنتۆن بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ لە سوریا، بۆیە حکومەتی ئەمریکا لە یەکەمەکان بوو کە پشتگیری لێپرسینەوەی لە تاوانبارانی جەنگ لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کرد، وەک ئاماژە بۆ ئەو بیرۆکەی کە پێشتر لەلایەن کەنەدا و هۆڵەنداوە خرابوەڕوو.

ئەلێکساندەر لۆنگلۆیس گوتی، “پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان واشنتۆن و دەزگا یاساییە نێودەوڵەتییەکانی وەک دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای بەتایبەت دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بۆیە واشنتۆن پشتگیری لە رێوشوێنی لێپێچینەوە دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە رۆڵی پێشەنگ لەم دادگاییکردنەدا دەگێڕن، وەک کەنەدا و هۆڵەندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵگەی زۆر هەیە لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی دادگاییکردنی دادوەری دژی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە حکومەتی سوریا، کارێک کە وڵاتانی کاریگەر وەک ئەڵمانیا هەنگاوی جددییان تێدا ناوە.

لۆنگلۆیس ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستەنگ هەیە کە رێگری دەکات لە رۆڵی سەرەکی واشنتۆن لەم دادگاییکردنانەدا، وەک بەسیاسیکردنی هەندێک دۆسیە و لایەنگرییەکەی بەرامبەر بە وڵاتانی وەک ئیسرائیل، بەڵام واشنتۆن درێغی ناکات لە پشتیوانیکردنی هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی کە بەم ئاراستەیەدا بڕوات .

ناوبراو باس لە ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی گەورە دەکات، کە ئەمڕۆ بۆ لێپرسینەوە لە تاوانبارانی جەنگ لە سوریا بوونی هەیە، چونکە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لەگەڵ “رژێمی ئەسەد” پەیوەدنییەکانیان بەرەو ئاساییبوونەوە بردووە.

هەر لە هەمان چوارچێوەدا، نووسەری سوری “عومەر ئەلبام” بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، “وەک هەنگاوی پراکتیکی، تا ئێستا هیچ تاقیکردنەوەیەکی دادگاییکردنی گەورە نەکراوە، تەنها لە کە ئەوان دەسبەرداری رژێمی ئەسەد بوون و هەڵدەستن بە دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ لە دەرەوەی وڵات.، بەمەش ناتوانرێت بە تەواوی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان بهێنرێتەدی”.

ئاماژەی بەوەشکرد،” دادگاییکردنەکان تەنها لە ئەگەری گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورەدا سوودی دەبێت، دوای ئەوە سەرجەم تاوانبارانی جەنگ دادگایی دەکرێن”.

لە کۆتایی قسەکانیدا “ئەلبام” ئاشکرای کرد کە “هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکاری و ئەشکەنجەدان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل لە زیندانەکاندا، حاڵەتی ئەشکەنجەدان تا مردن هەیە کە تا ئەمڕۆش لە زیندانەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقدا پیادە دەکرێت، وەک زیندانی سەربازی سیدنایە لە دیمەشق.”

ئامادەکردنی: هەدیل عوەیس – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی