لە پاشخانی کوژرانی مێردمنداڵەکەی فەرەنسادا 150 کەس دەستگیر دەکرێن

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی رابردوو، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەستگیرکردنی 150 کەسی راگەیاند، لە کردەوەیەکی توندوتیژی نوێدا دوای کوشتنی مێدمنداڵێک بە فیشەکی پۆلیسێک، توندوتیژی “بەرگە نەگیراو دژ بە هێماکانی کۆماری فەرەنسا”ی سەرکۆنە کرد.

گیانلەدەستدانی ئەو مێردمنداڵي بەناوی “نائیل”، کە تەمەنی لە 17 ساڵی تێنەپەڕاندبوو، سێشەممەی رابردوو، لە دیووی پشتەوەی گەڕەکی “لا دیفێنس” لە نزیک پاریس روویداوە، کاتێک پابەند نەبووە بە خاڵێکی پشکنینی هاتووچۆ و هەوڵیداوە بەدەربازبووندا بڕوات، بۆیە پۆلیسێک تەقەی لێدەکات و راستەوخۆ گیانلەدەست دەدات.

جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لە تویتێکدا رایگەیاند “شارەوانی و قوتابخانە و بنکەکانی پۆلیس سووتێنراون یان هێرشیان کراوەتە سەر”، دەشڵێت “شەرمەزارییە بۆ ئەوانەی داوای هێوربوونەوەیان نەکردووە”.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدات، ئەمەش بەهۆی ئەو پێکدادانانەی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا سەریهەڵدا لە دوای کوشتنی گەنجە بە ڕەچەڵەک جەزائیرییەکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆک ماکرۆن “دیمەنە ناڕەواکانی توندوتیژی”ی لە دژی “دامەزراوەکان و کۆمار” شەرمەزار کرد، دوای ئەوەی لە چەندین شاری فەرەنسا بەهۆی رووداوەکەوە ناڕەزایەتی روویدا.

دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی ئەمنی کە لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، هاوکات لەگەڵ پێشبینی رێپێوانێک بۆ یادکردنەوەی ئەو گەنجە کوژراوە، ماکرۆن هیوای خۆی دەربڕی کە کاتژمێرەکانی داهاتوو “رێزدارتر بن”.

، بەپێی ئەوەی ئەمڕۆ کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاند، ماکرۆن داوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی دەکات دەربارەی دۆسیەی کوژرانی ئەو مێردمنداڵە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: روبین عومەر