بۆ پرسی ناردنى پشکی هەرێمى کوردستان لە بودجەی گشتیدا شاندێک سەردانى بەغدای کرد

دیمەشق – نۆرس پرێس

هەفتەى رابردوو شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پرسی ناردنى پشکی هەرێمى کوردستان لە بودجەی گشتیدا سەردانى بەغدایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى کۆبوونەتەوە.

بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ تاوتوێکردنى ناردنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدایان کردووە، شێوازى رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و ئەو ماوەیەى کە قەرەبووى پشکى هەرێمى کوردستانى تێدا دەکرێتەوە تاوتوێ کراون.

وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ داواى لە شاندەکە کردووە وردەکارى خەرجی و داهاتى هەرێمى کوردستانی بۆ بنێرن، هەروەها بڕیارە دوای جەژن کۆبوونەوەی دیکە بکرێت. ​

بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات، کە بۆ هەناردەکردن یان نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەمەش وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستانە لەو بودجەیە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارى بودجەى عێراق.