رووسیا دەرەنجامی بۆردوومانێکی نوێ بۆ سەر ئیدلیب رادەگەێنێت و دەڵێ بەردەوام دەبین لە هێرشەکان
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی لە سووریا ئەنجام دەدات تا ئەو کاتەی “چەکدارەکان” لەناو دەچن، هاوکات دەرئەنجامی هێرشەکەی رۆژی پێرێیان لە ئیدلب، لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، ئاشکرا کرد.
ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا کە سەر بە وەزارەتی بەرگرییە، رایگەیاندووە، هێزەکانی رووسیا لە 27ی حوزەیران هێرشی وردیان بۆ سەر دامەزراوەکان لە ناوچەی “سەرجە” ئەنجامداوە، لە ناوچەکانی ئاگربەست لە ئیدلب.
ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا رایگەیاند، هێرشە وردەکانی فڕۆکەوانی رووسیا بەردەوام دەبێت تا لەناوبردنی یەکجاری ئەو چەکدارانەی کە دەستیان لە تێکدانی ئیدلیبدا هەیە لە سوریا.
بە گوتەی ناوبراو، ئەو بۆردوومانانە بوونەتە هۆی وێرانکردنی ناوەندی هێزی ئەوانەی کە بە “چەکدارە ناشەرعی” ناوزەدی کردن، هەروەها کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیان وێران کراوە و 18 ئەندامیان کوژراوە.
لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، لە راگەێنراوەکەی ناوەندی رووسیادا هاتووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا “11 جار سەلامەتی فڕینەکانیان لە سوریا پێشێل کردووە” لە ماوەی دوێنێ چوارشەممەدا.