رۆژهەڵاتی کوردستان.. کۆلبەرێک بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوو
هەولێر– نۆرس پرێس
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە کۆڵبەرێک بە ناوی “شیرکۆ” کە خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری بانەیە، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران بەسەختی بریندار بووە، لە سنووری ناوچەی “هەنگەژاڵ” و رەوانەی بنکەی تەندروستی بانە کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دەمەو نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەی رابردوو، کۆڵبەرێک بە ناوی “شیرکۆ” کە خەڵکی گوندی “حەوتاش”ی شاری بانە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەختی بریندار بوو، رێکخراوەکە ناوی خانەوادەی قوربانییەکۆڵبەرەکەی بەدەست نەگەشتووە.
بەڵام بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کە بە “هەنگاو”یان راگەیاندووە، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە، ران و سمتی ئەم کۆڵبەرە بەسەختی بریندار بووە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 44 کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون، 34 کەسیانکە دەکاتە رێژەی (77٪) بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.