بە رەزامەندی دادگای ئەو وڵاتە.. هاوڵاتییەکی عێراقی لە ستۆکهۆڵم قورئان دەسوتێنێت
ستۆکهۆڵم – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، لە شاری ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوێد، هاوڵاتیەکی عێراقی دانیشتووی ئەو وڵاتە، بە ناوی “سەلوان مۆمیکا” لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکھۆڵم لە ژێر پارێزگاری پۆلیسی ئەو وڵاتە و دوای وەرگرتنی رەزامەنی دادگا، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، کۆپیەکی قورئانی سووتاند.
“مۆمیکا” رەزامەندی دادگای ستۆکهوڵمی وەرگرتبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، ژێر پارێزگارییەکی بەرفراوانی پۆلیسدا ھاتە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکھۆڵم لە ناوچەی مێدبەرگەرەپلاتسن، سەرەڕای کاردانەوەکانی خەڵکی دەوروبەری، قورئانی فڕێدایە سەر زەوی و پێی لەسەر دانا و پاشانیش سووتاندی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەو شارە بۆ رێگریکردن لە سەرھەڵدانی ھەر رووداوێک لە ستۆکھۆڵم، ژمارەیەکی زۆری پۆلیسی ئەو شارەی لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکھۆڵم کۆکردبووەوە.
لە بەرامبەر ئەو کارەی، کە دەوڵەتی سوێد و یاسای ئەو وڵاتە بە “ئازادی رادەربڕین”ی دەزانن روویدا، کاردانەوەی دەرەوە و ناوخۆی عێراقی لێکەوتیەوە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق بە توندی ئیدانی سوتاندنی کتێبی قورئانی پیرۆز دەکات، کە لەلایەن ھەندێک کەسی دەروون نەخۆش و توندڕەوەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارە قێزەونە، کە ھەستی ملیۆنان موسڵمانی ئازارداوە، ڕەنگدانەوەی ڕۆحێکی شەڕانگێزی ڕقاوین کە پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە، بەڵکو کردەوەیەکی ڕەگەزپەرستی و ھاندانی توندوتیژی و ڕق و کینەیە، رێگەدانیش بەم کردەوە توندڕەوییە، دووبارە جیھان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو تاڵاوی تیرۆر و توندڕەویی.
چەند هاوڵاتییەکی سوێدیش کە لێدوانیان بۆ کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا، کارەکەیان پێ پەسەند نەبوو و گوتیان “سوتاندنی پێرۆزی کەسانی دیکە ناچێتە خانەی ئازادی رادەربڕینەوە و پێویستە رێگری لێبکرێت”.
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبراڵ، عەلمانی و بێ ئایین دەناسێنێت، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییە لە ساڵی 2014 بۆ 2018 و ئەندامی پارتە دیموکراسییەکانی سوێدە.