هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ کۆمپانیای بایەری ئەڵمانی کە بەرهەمهێنەری دەرمانە، رایگەیاند، چارەسەری تاقیکاریی قۆناغی یەکەمی بۆ نەخۆشی پارکینسۆن ئەنجامێکی ئەرێنی دەرکەوتووە.
کۆمپانیای بایەری ئەڵمانی رایگەیاند کە پشکنینە سەرەتاییەکان لەسەر مرۆڤ دەرکەوتووە کە چارەسەری تاقیکاری بە خانە بنەرەتییەکان بۆ نەخۆشی پارکینسۆن بە باشی بەرگەی نەخۆشەکان گرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، خانە چێنراوەکان لە مێشکیاندا بە زیندووی ماونەتەوە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامە ئەرێنییەکان لە ماوەی ساڵێکدا بۆ قۆناغی یەکەمی چارەسەرەکە کە لەلایەن کۆمپانیای بلورۆک تێراپیوتیکسەوە ئەنجامدراوە، هانیداوە تاقیکردنەوەی چارەسەرکردنەکە لەسەر مرۆڤ پەرەپێبدات و لە 3 قۆناغدا بیگوازنەوە بۆ قۆناغی دووەم.
جێگای سەرنجە ئەم نەخۆشییە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی دەبێت، هەروەها یەکێکە لەو کێشە تەندروستیانەی بەتایبەتی کاریگەری لەسەر گروپی بەساڵاچوو هەیە.
هەرچەندە هۆکاری مەترسی هەیە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشیە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە مەترسی لەسەر گەنجەکانیش دروست بکات.