گوتەبێژی کرێملین: رووسیا هیچ پەیوەندییەکی بە ڤاگنەرەوە لە ئەفریقا نییە
هەولێر – نۆرس پرێس
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین دووپاتیکردەوە کە رووسیا هیچ پەیوەندییەکی بە پرۆژە و چالاکییەکانی گرووپی سەربازی تایبەتی “ڤاگنەر”ی لە ئەفریقا نییە.
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێکدا کە ئایا رووسیا ئامادەیە پاڵپشتیی دارایی یان هاوکاریی دیکە پێشکەشی گرووپی “ڤاگنەر” بکات، لە کاتێدا کە ئەو گروپە لە ژێر گەمارۆکانی ئەمریکا دایە، پێسکۆڤ گوتی: “کۆمپانیاکە چالاکییەکی سەربەخۆی لەوێ (ئەفریقا) هەبووە، رووسیاش هیچ پەیوەندییەکی بەم کارەوە نییە”.
پێسکۆڤ گوتی، “رۆژی سێشەممە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا باسی لە بڕە پارە زەبەلاحەی کرد کە لە رێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ ڤاگنەر تەرخانکراون، بەڵام ڤاگنەر کاروباری خۆی ئەنجامدەدا، کە هیچ پەیوەندییەکی بە دەوڵەتی رووسیاوە نییە”.
پێشتر گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر ئەندرێ ئیڤانۆڤ هاوڵاتی رووسی و 4 قەوارەی یاسایی سەپاند، دوای ئەوەی واشنتۆن جەختیکردوە کە پەیوەندییان بە دامەزرێنەری کۆمپانیای ڤاگنەر، ئێڤگینی پریگۆژینەوە هەیە.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەروونی ئەوەیان خستەروو کە کۆمپانیای سەربازی تایبەت “ڤاگنەر” لە رێگەی ئیستغلالکردنی سامانە سروشتییەکانی وڵاتانی وەک کۆماری ئەفریقای ناوەراست و مالی پاڵپشتی چالاکە سەربازیەکانی لە رووی داراییەوە دەکات”.
رۆژی سێشەممە 27ی حوزەیرانی 2023، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا دانی بەوەدا نا کە رووسیا بە تەواوی پارەی گروپی سەربازی تایبەتی ڤاگنەری داوە و لە نێوان مانگی ئایاری 2022 تاوەکو مانگی ئایاری ئەمساڵ ملیار روبڵ کە بەرامبەرە بە (یەک ملیار دۆلار) خەرج کردووە.
فەرماندەی ڤاگنەر، ئێڤگینی پریگۆژین، کە رۆژی شەممەی رابردوو سەرکردایەتی یاخیبوونە کورتەکەی کرد، روونیکردەوە کە دەوڵەت پشتیوانی لە ڤاگنەر کردووە لە تەرخانکردنی وەزارەتی بەرگری و ئاماژەی بەوەش کرد کە دووژمنەکانی رووسیا سوودمەند دەبوون لەو ئاژاوەیە ئەگەر ئەم یاخیبوونە سەرکەوتوو بووایە.
هاوکات ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە سوپا و خەڵک لایەنگری ئەو جۆرە سەرهەڵدانە ناکەن کە پریگۆژین سەرکردایەتی دەکات.