راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی سودان هەڵهاتوون ملیۆنێک کەسی تێپەڕاندووە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی حوزەیرانی 2023، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنوورەکان ئاوارەبوون لە ئەنجامی ململانێکانی سودان، لەوانەیە لە چاوەڕوانییەکانی پێشوو زیاتر بێت و لە یەک ملیۆن کەس زیاتر بێت.
تاوەکو ئێستا ململانێی نێوان هەردوو کوتلەی رکابەری کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هەڵهاتنی نزیکەی 600 هەزار کەس بەرەو وڵاتانی دراوسێ، لەوانە میسر، چاد، باشووری سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست.
ژمارەکە یەک ملیۆنی تێپەڕاندووە
رەئوف مازۆ، یاریدەدەری کۆمیساریای باڵا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە خەمڵاندنەکانی مانگی نیسان بۆ شەش ساڵی داهاتوو ئاماژەیان بە چی کردووە، گوتی: “بەداخەوە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستا و دۆخی دارفور، پێدەچێت ژمارەکە زیاتر لە یەک ملیۆن بێت”.
ئاوارەبوونی ناوخۆیی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس
ناوبراو وردەکاریی لەبارەی چاوەڕوانییەکانی خۆیەوە نەخستەڕوو کە تاوەکو چەند ژمارەی پەنابەرانی هەڵاتن لە یەک ملیۆن تێدەپەڕێت. نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە لە مانگی نیسانەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس ئاوارە بوون و زۆربەیان لە ناوخۆی سودان.
مازو دەڵێت “زۆرێک لە ژن و منداڵەکان بە برینداری دەگەن، ئەمە جێگەی نیگەرانییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر پێشبینییەکانی بۆ ئەو کەسانەی لە سودان بەرەو چاد هەڵدێن بۆ 245 هەزار، لە 100 هەزارەوە زیادیکردووە.