لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا.. تورکیا 22 هاوڵاتی سووریی دیپۆرت دەکاتەوە
ئیدلب – نۆرس پرێس
ئەمرۆ چوارشەممە، 28ی حوزەیرانی 2023، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 22 هاوڵاتی سورییان لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا بەرەو ناوچەکانی ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان کە لە تورکیا نیشتەجێن دیپۆرت کردنەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە دەروازەی باب ئەلهەوا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، جەندرمەی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵدا 22 سورییان رەوانەی ناو گۆڕەپانی دەروازەی باب ئەلهەوا لە باکووری ئیدلب کردەوە، لەنێویاندا منداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵ هەبوو.
لە کۆی ئەو 22 کەسە، 9 کەسیان خەڵکی شاری عەفرین بوون، بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان کە نیشتەجێی تورکیان دیپۆرت کرانەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا چاپی چاو و پەنجەمۆر و سەرجەم کاغەزی ناسنامەکانیان لێسەندوون، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەیان بۆ سەر خاکی تورکیا بکەن، هەرچەندە ساڵانێکە لەوێ کار دەکەن و نیشتەجێن.
ناوەڕاستی ئەم مانگە، هاوشێوەی ئەم رووداوەی ئەمرۆ دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەک لە سورییە ئاوارەبووەکان روویدابوو لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا، ئەمەش لە درێژەی پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەی سیستماتیکی کە حکومەتی تورکیا دژی سورییەکان پەیڕەوی لێدەکات.