ناکۆکی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لەسەر هێڵێکی بەقاچاخ بردن بۆ تورکیا

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

دوێنێ، ئێوارەی شەممە، ناحیەی بولبول لە گوندەواری عەفرین، باکووری حەلەب، شەڕ و پێکدادانی نێوان گروپی میلیشیاکانی “ئەلحەمزە” و “ئەلموعتەسیم” ی بەخۆوە بینی و لە ئەنجامدا دوو ئەندامی میلیشیای “ئەلموعتەسیم”  بریندار بوون.

سەرچاوەیەک لە ناوچەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، پێکدادان بە چەکی سووک لەنێوان گروپی ئەلحەمزە و ئەلموعتەسیم روویداوە، لە گوندی زەعەرە لە سنووری تورکیا، کە سەر بە ناحیەی بولبولە لە گوندەواری عەفرین و بەهۆیەوە دوو ئەندامی گروپی دووهەمیان، برینداربوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،  پێكدادانه‌كه‌ له‌دوای ناكۆكییه‌ك لەسەر هێڵێكی به‌ قاچاخ بردنی كه‌لوپه‌ل بۆ ناو خاكی توركیا، سەری هەڵداوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە لایەنی پۆلیسی سەربازی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکە، بە کاروانێکی سەربازیەوە لە ناحیەی بولبولەوە بەرەو گوندەکە، رۆشتوون.

شاری عەفرین و دەوروبەری لە مانگی ئازاری 2018 ەوە لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیادایە.

ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیادان، دۆخی ناسەقامگیری ئەمنی بەخۆیەوە دەبینن، وەک شەڕ و ناکۆکی لایەنەکان لەسەر فراوانکردنی ناوچەکانی دەسەڵاتیان، یان بەشکردنی دزیەکانیان، یان کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی قاچاخ، ئەمە سەرەڕای بۆردومانە یەک لەدوای یەکەکان و بێتواناییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوچەکە.