ئۆکرانیا وادەی وەرگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 ئاشکرا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ی حوزەیرانی 2023، ئەندرێی یەرماک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، وادەی چاوەڕوانکراوی رادەستکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ی دروستکراوی ئەمریکای ئاشکرا کرد.

کاتێک رۆژنامەنووسان لەم بارەیەوە پرسیاریان لێکرد، یەرماک گوتی: “پێموایە کە ئۆکرانیا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەست بە وەرگرتنی فڕۆکەکان بکات.”

 ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەوان (هاوپەیمانەکان) ئامادەن (فڕۆکەکان) بنێرن، هەندێک کێشەی تەکنیکی هەیە، بەڵام ئێمە کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنیان.”

مانگی ڕابردوو ئەمریکا کە ماوەیەکی زۆرە رەتیدەکاتەوە فڕۆکە جەنگییەکان رادەست بکات بۆ ئەوەی ململانێکان بەرەو هەڵکشان نەچێت، گڵۆپی سەوزی بۆ رادەستکردنی فڕۆکەکانی ئێف 16 هەڵکرد کە کیێڤ بەردەوام داوای دەکات.

بروکسل لە کۆتایی مانگی ئایاردا رایگەیاند کە پۆڵەندا دەستیکردووە بە راهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان.

پوتین بەڵێن دەدات

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کۆڕبەندێکی ئابووری لە سانت پترسبۆرگ (باکووری رۆژئاوای رووسیا) رایگەیاند، ئەو فڕۆکە جەنگییە ئێف 16انەی کە رۆژئاوا دەینێرێت بۆ کیێڤ “لەناویان دەبەن”.

ناوبراو رایگەیاند: “تانکەکان (کە لەلایەن ناتۆوە رادەستی ئۆکرانیا دەکرێن) لەناویان دەبەن، فڕۆکەکانی ئێف 16ش هەمان چارەنووسیان دەبێت”.

بیرۆکەی جێگیرکردنی ئەم فڕۆکانە لە بنکە ئاسمانییەکانی وڵاتانی دراوسێ کە پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن، هەندێکجار پێشنیار دەکرێت.

پوتین جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەو فڕۆکانەی کە دەگەیەنرێنە کیێڤ “لە بنکەکانی دەرەوەی ئۆکرانیا جێگیر بکرێن، دەبینین چی پێویستە لەسەر ئەو بنکانە بکرێت و چۆن لێیان بدرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مەترسییەکی گەورە هەیە بۆ ئەوەی ناتۆ زیاتر بکێشرێتە ناو ململانێکانەوە.