هەولێر-نۆرس پرێس
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆك رایگەیاند، ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، پێشبینی دەكەین زیاتر لە 100 ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی پارێزگای دھۆك بكەن.
لەوبارەیەوە خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆك، لە لێدوانێكیدا گوتی، ئێمە ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، سەرەتا لە بازگەكانەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەكەین، دواتر سەردانی ھۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان دەكەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەو خزمەتگوزاریانەی كە پێویستە پێشكەشی گەشتیاران بكرێت و پێشبینی دەكەین زیاتر لە 100 ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی پارێزگای دھۆك بكەن.
ئاشكراشی كرد كە شەش مانگی یەكەمی 2023 نزیكەی یەك ملیۆن گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی پارێزگای دھۆكیان كردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆك، گوتیشی، بۆ راكێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران بەردەوام ھەوڵ دەدەن فێستیڤاڵی جۆراوجۆر ئەنجام بدەین و بۆ ئەم ساڵیش بەنیازین فێستیڤاڵێكی خواردن لە شاری دھۆك ئەنجام بدەین كە پێشبینی دەكەین رێژەیەكی زۆری گەشتیاران بەشداری تێدا بكەن.
لە سنووری پارێزگای دھۆكدا زیاتر لە 900 ناوچەی گەشتیاریی ھەیە، ھەروەھا زیاتر لە 250 شوێنی گەشتیاریی سروشتیی دیكەش بوونیان هەیە.
هەرلە پارێزگای دھۆك 116 ھۆتێل و مۆتێل بۆ حەواندنەوەی گەشتیاران ھەیە و توانای ئەوەیان ھەیە لە یەك شەودا، پێشوازی لە زیاتر لە 15 ھەزار گەشتیار بكەن.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆك لە ساڵی 2022 زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارەكانی پارێزگاكە كردووە و رێژەی ھاتنی گەشتیاران بە بەراورد بە ساڵی 2021 لەسەدا 56 زیادی كردووە.
لە بۆنە و پشووەكاندا گەشتیارێكی زۆر لە ناوچەكانی ناوەراست و باشووری عێراقەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دەكەن، بۆ ئەمساڵیش بەهۆی لەباری كەشوهەواوە، ناوچە گەشتیارییەكان جمەیان دێت لە گەشتیار.
شوێنە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای دهۆكیش، جێگای سەرنجی گەشتیارانن و چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی جەژندا قەرەباڵغی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن.
پێشبینیش دەكرێت زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی پارێزگاكە بكەن.