دوای هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی.. کەنەدا رەتیدەکاتەوە ژنێک لە رۆژئاوای کوردستانەوە بگەڕێنێتەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

حکومەتی کەنەدا رەتیکردەوە ژنێکی کەنەدی کە لەنێو داعشدا بووە و خاوەنی شەش منداڵە، لە رۆژئاوایی کوردستانەوە بگەڕێندرێتەوە ئەو وڵاتە، سەبارەت بە منداڵەکانیش خستویانەتە بەردەم دوو بژاردەوە.

حکومەتی کەنەدا سەرەتا بەو ژنەی رایگەیاندووە، کە دەتوانێت لە مانگی نیسانی 2023، لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەی کەنەدی کە لە نێو داعشدابوون بگەڕێتەوە، بەڵام دواتر پێی راگەیاندوون کە دەبێت سەرەتا چاوەرێ هەڵسەنگاندنی ئەمنی بکات.

لۆرانس گرینسپون پارێزەری ژنەکە دەلێت، لیژنەی کاروباری جیهانی کەنەدا هەڵسەنگاندنێکی بۆ کرێگرتەکەی کردووە (بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات) و دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەش رەتکردنەوەی گەراندنەوەی ژنەکە بووە بۆ وڵاتەکەی.

گرینسپۆن لە لێدوانێکدا بۆ سی بی سی، بریارەکەی بە “شۆککەر” وەسفکرد، دەڵێت:” ئێستا ئەو ژنە لە نێوان دوو بژاردەیە، یەکەم رێگەدان بە گەڕانەوەی منداڵەکانی بۆ کەنەدا بەبێ دایکیان، دووەم بژاردە هێشتنەوەیانە لەگەڵ خۆی لە سوریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو دوو بژاردەیە زۆر قورسن بۆ هەر دایکێک لە جیهاندا”.

بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتیەکانیان بگەرێننەوە، هەروەها داوای دادگاییکردنی نێودەوڵەتی بۆ ئەندامانی دەستبەسەرکراوی داعش دەکات.

بەهۆی بێهەڵوێستی زۆرێک لە وڵاتان و شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێدانی گرنگییەکی تەواو بە دۆسەی دەسگیرکراوەکانی داعش، بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە سەرەتای ئەم مانگەدا بریاری دادگاییکردنی زیندانیانی بیانیدا.

بەشێک لە وڵاتانی جیهان هەوڵیانداوە بەشێک لە هاوڵاتیانی خۆیان کە لە نێو داعشدا بوون و ئێستا لە زیندانیەکانی هەسەدە دان بگەرێنەوە، بەڵام کەندا و بەریتانیا دوو وڵاتن کە زۆر بە توندی مامەڵە لەگەل ئەم دۆسەیە دا دەکەن.

گرینسپون وتی جیاکردنەوەی دایکێک لە منداڵەکانی پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی کەنەدایە و هەروەها سیاسەتی حکومەتی کەنەدی بۆ هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکانی گەرانەوەی هاوڵاتیانە.

بەپێ قسەی پارێزەرەکە، حکومەتی کەنەدا ئەو دایکە بە مەترسی ئەمنی دەزانێت،بەڵام روونی نەکردوە کە چۆن گەیشتووەتە ئەم بریارە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، کەنەدا دوو ژن لە سوریا گەراندەوە، یەکێکیان بەتۆمەتی تیرۆر تۆمەتبارکرا.