بەر لە هاتنی جەژنی قوربان.. رێوشوینی ئەمنی لە رەققە دەگیرێتەبەر

روققە – نۆرس پرێس

لە دوێنێ دووشەممەوە هێزە ئەمنییەکان لە شاری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان، وەک ئامادەییەک بۆ هاتنی جەژنی قوربان، رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتووەتەبەر.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) رێگای لاوەکی و سەرەکییان بەرەو بازاڕی رەققە، لە ناوەندی شارەکە داخستووە.

ئاسایشی رۆژئاڤا، تیمە گەڕۆکەکانی چڕتر کردەوەتەوە و خاڵی پشکنینی گەڕۆکیان جێگیر کردووە.

دوێنێ دووشەممە، دەستەی ناوخۆیی بەڕێوبەری خۆسەری گشتاندنێکی بڵاوکردەوە، بەپێی ئەو گشتاندنە رێوشوێنی ئەمنی پێش جەژنی قوربان دەگیرێتەبەر، بەو پێیەش هاتنی بارهەڵگر و تانکەرەکان بۆ شار و شارۆچکەکان قەدەغە کرا، ئەم بڕیارەش لە نیوەڕۆی دووشەممەوە تا بەرەبەیانی شەممەی داهاتوو، کارا دەبێت.

بە گوێرەی گستاندنەکە، جموجوڵی ماتۆڕسکیلەکانی شار، بە سڤیل و سەربازییەوە تا ئێوارەی شەممەی داهاتوو قەدەغەکراوە و دەروازەکان لە بەیانی سێشەممەوە تا بەرەبەیانی شەممە بەڕووی هاتوچۆی بازرگانیدا دادەخرێن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان