تورکیا پشتیوانی سەربازی زیاتر رەوانەی ئیدلیب دەکات
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی تورکیا کاروانێکی سەربازییان، کە کەرەستەی لۆجستی و سەربازیی تێدابوو، رەوانەی ناوچەکانی “ئاگربەست و کەمکردنەوەی پەرەسەندن” کرد، لە باکووری رۆژئاوای سوریا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنە سەربازییەی کە چەند ڕۆژێکە ناوچەکە بەخۆوە دەیبینێ.
سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کاروانێکی سەربازی تورکیا کە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی و لۆجستی و زرێپۆشی لەخۆگرتبوو، لە رێگەی دەروازەی سنووری “کفرلوسین”ەوە چوونەتە ناو ناوچەکانی سوریا، و لەوێوە بەرەو پێگەکانی تورکیا رۆشتوون لە گوندەواری رۆژئاوای حەڵەب، کە ناوچەکە لەمکاتەدا پەرەسەندنی سەربازی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت.
ژمارەی بنکە و خاڵە سەربازییەکانی تورکیا کە لە میحوەرەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئیدلب جێگیرکراون، تا دەگاتە لادێکانی حەمات، 23 خاڵ و پێگە تێدەپەڕێنێت و بنکەکانیان لەو شوێنانەدا جیگیرکراون کە دەڕواننە سەر ڕێگای ستراتیژی M4 و M5، بەپێی چاودێری تۆڕی پەیامنێرانی نۆرس پرێس لە ناوچەکە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کاروانەکە هەشت ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لەگەڵ بارهەڵگر لەخۆگرتبوو، کە یەکێکیان بولدۆزەری سەربازی و ئەوی دیکەیان دیواری بەربەستی دەستکردی هەڵگرتبوو.
هەفتەی رابردوو هێزەکانی تورکیا کاروانێکی سەربازییان، رەوانەی ناوچەی کەمکردنەوەی پەرەسەندن کرد، لە باکووری رۆژئاوای سوریا، لە دەروازەی سنووری کفری لۆسین لەگەڵ تورکیا، کە کەرەستەی لۆجستی و سەربازی تێدابوو.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ئیدلب، هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڵکشانە سەربازییەی ئەم دواییە کە دوو رۆژ لەمەوبەر لە ئیدلب روویدا، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیادا لانیکەم 75 کەس کوژران و برینداربوون.