“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی “هەسەدە” و سوپای عێراق راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتن لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای عێراق راگەیاند.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە”یان کردۆتە ئامانج، لە نزیک ناحیەی ئەلبەسیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەندامێکی “هەسەدە” و برینداربوونی ئەندامێکی دیکە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” بۆ نۆرس پرێس، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە، هەروەک گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەندامێکی دیکەیانی پشتڕاستکردەوە، گوتیشی باری تەندروستی بریندارەکە “زۆر ناجێگیر”ە ، کە بە فیشەک بریندارکراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی شارەکە.
دوێنێ دوو چەکداری نەناسراو کە بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە بوون، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە”یان کردە ئامانج، بەئامانجگرتنەکە لەسەر رێگای گشتی لە دەروازەی شارۆچکەی ئەبریحە بووە، کە سەر بە ناحیەی ئەلبەسیرەیە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
لە راگەێنراوێکی دیکەدا، “ئەعماق” بڵاویکردۆتەوە، کە چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی جۆراوجۆر سەربازگەیەکی سوپای عێراقیان لە گوندی “ئەلدەراعمە”ی سەر بە قەزای “روتبە” کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتەهۆی برینداربوونی ئەندامێک و زیانگەیان بە سەربازگەکە.
سەرەڕای هەڵمەتە ئەمنییەکانی بەردەوام بۆ بەدواداچوونی شانەکانی رێکخراوەکە لە سوریا و عێراق، لەم دواییانەدا رێکخراوی “داعش” ئۆپەراسیۆنەکانی لە سوریا و عێراق چڕتر کردووەتەوە.