بەرێوبەری خۆسەری  داوای خێراکردنی گەڕانەوەی عێراقیەکانی کامپی هۆل دەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ،یەکشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان داوای لە حکوومەتی عێراق کرد پەلە بکات بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کامپی هۆل لە گوندەواری حەسەکە.

شێخموس ئەحمەد، سەرۆكی فەرمانگەی كاروباری ئاوارە و كامپەكان لە بەڕێوبەری خۆسەری، رایگەیاند، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی عێراق لە كامپی هۆل لە ئێستادا “زۆر خاوە و لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی عێراقییەكانی ناو كامپەكەدا ناگونجێت.”

ئەحمەد بە نۆرس پرێس وت: ژمارەی هاوڵاتیانی عێراقی لە کلمپی هۆل نزیکەی 29 هەزار کەسە، کە نیوەی دانیشتووانی کامپەکە پێکدەهێنێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا،  لیژنه‌ی كۆچ و ئاواره‌کانی حكومه‌تی عێراق نووسینگه‌یه‌كی له‌ كا‌مپی هۆل كردووه‌ته‌وه‌ بۆ تۆماركردنی ناوی ئه‌و هاووڵاتییە عێراقیانەی ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ عێراق.

وتیشی: “لیژنەکە ناوی ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن و لەم ماوەیەشدا كارەكانی  لەسەر كەسانی نەخۆش و بەساڵاچووان چڕ کردوەتەوە.”

سەرۆكی فەرمانگەی كاروباری ئاوارەكان و كامپەكان پێیوایە ژمارەی ئەو كەسانەی لە لایەن لیژنەی كۆچ و ئاوارەی عێراقەوە گێڕاونەتەوە “زۆر كەمە” بە بەراورد بە ژمارەی عێراقییەكانی ناو كامپەكە.

راشیگەیاند، ئەركی لیژنەكەیە كار لەسەر زیادكردنی ژمارەی ئەو گەشتانە بكات كە لەڕێگەیەوە ئاوارەکانی هۆل بەرەو خاكی عێراق دەبرێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەری کامپەکە هەمرین حەسەن بۆ نۆرس پرێس، لە کامپەکەدا 23676 منداڵی تەمەن خوار هەژدە ساڵ هەن، کە هیچیان سووری نین و زۆربەیان عێراقین، هەروەها کامپەکە نزیکەی 56 هەزار کەس لەخۆدەگرێت کە 36 هەزاریان تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەوەیە.