بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی نوێی چەند ساتێک بەرلە لەسێدارەدانی “سەددام حسێن”

هەولێر – نۆرس پرێس

لەمڕۆژانەدا، وێنەیەکی نوێی “سەددام حسێن”ی سەرۆکی دیکتاتۆری پیشووی عێراق تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە ئەو وێنەیە چەند ساتێک بەرلە لەسێدارەدانی “سەددام” چرکێنراوە.

وێنەکە بارودۆخی “سەددام” پیشان دەدات، چەند ساتێک پێش لەسێدارەدانی، لەو وێنەدا دادوەر “مونیر حەداد” دەردەکەوێت کە بڕیاری پەسەندکردنی لەسێدارەدانەکە بۆ “سەددام” دەخوێنێتەوە.

مونیر حەداد، دادوەری عێراق بەرەبەیانی 30ی کانونی یەکەمی 2006، لە هۆڵێکی تاریکدا لە ناحیەی کازمیەی بەغدا، شایەتحاڵی لەسێدارەدانی “سەددام حسێن”، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بوو.

لە تۆماری حوکمی لەسێدارەدانی سەددام حوسێندا، بوونی پێنج کەس ئاشکرا دەبێت، کە لە کاتی جێبەجێکردنی حوکمەکەدا ئەرک و فەرمانیان پێ سپێردراوە، هەروەها کات و ماوەی لەسێدارەدانی سەدام حوسێن ئاشکرا دەکات.

لە تۆماری فەرمی لەسێدارەدانی “سەددام حوسێندا” هاتووە، ئەو پێنج کەسەی کە لە کاتی لەسێدارەدانەکەدا ئامادەبوون و واژۆیان لەسەر تۆمارەکە داناوە، جگە لە “مونیر حەداد”، “حوسێن ئەلکەرباسی”، بەڕێوەبەری زیندانەکە، “مونقیث ئەلفیرعەون”، داواکاری گشتی، “تاریق نەجم عەبدوڵڵا” نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، و “مەهدی عەبدولجاسم”ی پزیشکی زیندانەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەدام حوسێن لە کاتژمێر 06:10 خولەکی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 30ی کانونی یەکەمی 2006 بە هەڵواسین، لەسێدارەدراوە و لە لایەنێکی تریشدا ئاماژە بەوە دەکات کە بە واژۆی سەرجەم ئامادەبووان ودوای پشتڕاستکردنەوەی مردنی دۆسیەکە داخراوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان