باڵوێزی ئەمریکا و وەزیری نەوتی عێڕاق كۆبوونەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق چاوی کەوت بە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و گرنگیدانی زیاتر بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێڕاق، مژاری کۆبوونەوەکەیان بوو.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە توتێکدا لە هەژماری تایبەتی تویتەری خۆی بڵاوی کردەوە، “چاوم بە حەیان وەزیری نەوتی عێراق کەوت، گفتوگۆمان کرد لەبارەی گرنگیدانی زیاتر بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە عێراق بکەن.”
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا هاتووە کە تاوتوێی “گرنگیی دووبارە وەگەڕخستنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق- تورکیامان کردووە، تاوەکو دووبارە نەوت بچێتەوە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و ئابووریی عێراق بەهێزبێت لە بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەکاندا”.
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەپێی راگەێنراوە نافەرمییەکان، زیانەکانی راگرتنی نەوتی کوردستان لە ماوەی 92 رۆژدا دەگاتە زیاتر لە دوو ملیار و 653 ملیۆن و 720 هەزار دۆلار.