بەشار ئەسەد: هەموو هەوڵەکانی رۆژئاوا لە سوریا شکستیهێناوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی دەوڵەتی سوریا بۆ گەراندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری خاکەکەیدا شکست دەهێنێت.
بەشار ئەسەد، ئەمرۆ دووشەممە، 26ی حوزەیرانی 2023، لە دیمەشقی پایتەختی سوریا پێشوازی لە سێرگی ڤێرشینین، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگویان کرد سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ و هەماهەنگی نێوانیاندا، هەروەها پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وگەرانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان دوو تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
له دیدارەکه دا ئەسەد گوتی: “هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ شێواندنی هەوڵەکانی سوریا بۆ گەراندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ تەواوی خاکی سوریا سەرکەوتوو نابێت، ئاماژە بەوەشکرد، کە تەواوی گەلی سوریا خوازیاری گەرانەوەی سەقامگیری و ئاسایشە بۆ وڵاتەکەیان.”
لە لایەکی دیکەوە سێرگی ڤێرشینین پێزانینی خۆی بۆ ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سوریا دەربری و جەختی لەسەر پێویستی جوڵەکردن لە چوارچێوەی قۆناغێکی نوێدا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کرد، لە کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ترسیان لە دەستدانی پێگەی سیاسی وئابوری خۆیان لە سەر ئاستی جیهان .
ڤێرشینین، جەختیکرد کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سوریا بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەی خاکی سوریا.