بایدن هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی “یاخیبوونی ڤاگنەر” لە رووسیا ئاشکرا دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمرۆ دووشەممە، 26ی حوزەیرانی 2023، پشتراستی کردەوە کە وڵاتەکەی “بەشداری ئەو یاخیبوونە نییە کە لە رووسیا روویدا”، بە ئاماژەدان بەو یاخیبوونە کورتەی کە گروپی سەربازی “ڤاگنەر” دژی سوپای رووسیا رایانگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: تیمی ئاسایشی نیشتمانی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی رووسیا دەکەن.
جۆ بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا دەستی لەو یاخیبوونە نییە کە لە رووسیا روویدا، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەبێ گوێدانە ئەوەی لە رووسیا چی روودەدات.
بەپێی رێککەوتنێک کە لەلایەن ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بیلارووسەوە ئەنجامدراوە، درەنگانی شەوی شەممە گروپی ڤاگنەر گەرانەوە بنکەکانیان لە بەرامبەر گەرەنتی سەلامەتی خۆیان، هاوکات یەڤگینی پریگۆژینی سەرکردەکەیان روودەکاتە بیلارووس”.
لای خۆیەوە، یەڤگینی پریگۆژین، لە تۆمارێكی دەنگیی 11 خوولەکیدا گوتی، “لە دوای رزگارکردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسک، وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوشاری خستەسەرمان بۆ واژۆکردنی گرێبەستی تایبەت لەگەڵ وەزارەتەکە، نە من و نە چەکدارەکانم ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستەکە نەبووین و بە پاساوێک بۆ کۆنترۆڵکردنمان و دانانمان لە ژێر رکێفی وەزارەتی بەرگریمان دانا.”
جێی سەرنجە کە ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی لە سوپای رووسیا راگەیاند و ئاڕاستەی لوولەی تڤەنگەکانیان لە ئۆکرایناوە گۆڕی بۆ رووسیا، تاوەکو رۆژی دواتر گرووپی ڤاگنەر پێشڕەوییان کرد و “بەبێ خوێن ڕشتن” هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنتڕۆڵکرد و دواتر بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ.
چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا.